ئەردۆغان بانگهێشتی سەرۆک کۆماری عێراقی کرد بۆ سەردانی تورکیا
باڵوێزی تورکیا لە بەغدا باسی بانگهێشتی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی لە سەرۆک کۆماری عێراقی کرد بۆ سەردانی تورکیا.
بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی هەواڵدەریی ئەلمەعلومە، «عەبدوللـەتیف جەمال ڕەشید»، سەرۆککۆماری عێراق پەیامی نووسراوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی هاوتا تورکەکەی بۆ سەردانی ئەم وڵاتە وەرگرتووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە «عەبدوللـەتیف ڕەشید» میوانداریی «عەلیرەزا گۆنای» باڵیۆزی تورکیا لە بەغدای کرد.
لە سەرەتای ئەم دیدارەدا باڵوێزی تورکیا پەیامی نووسراوی «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیای گەیاندە هاوتا عێراقییەکەی.
لە پەیامی سەرۆک کۆماری تورکیادا جەخت لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و خواستی پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزگرتنی یەکتر بۆ پشتیوانیکردن لە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کراوەتەوە.
سەرۆک کۆماری عێراقیش هەروەها بانگهێشتنەکەی ئەردوغان بۆ سەردانی تورکیای بەرزنرخاند و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوکاریی هاوبەش بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات کردەوە.