هەنگاوی بانکی ناوەندیی عێراق سەبارەت به نرخی دۆلار
بانکی ناوەندی عێراق، بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، بڕیاریدا وەرگرتنی باجی پێشوەختە لە دەروازە سنورییەکان رابگرێت.
بانکی ناوەندی لە نوسراوێکدا کە ئاراستەی بانکە رێگەپێدراوەکان کراوە ئاماژەی بەوە کردوە، بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ دەستەی گشتی گومرگ و دەستەی گشتی باج، ئەو رسومات و بڕە باجەی کە لەسەر ئەو کاڵایانەی کە دێنە ناو عێراق لە دەروازە سنوورییەکان و پێی دەوترێت باجی پێشوەختە، رادەگرێت، ئەمەش بۆئەوەیە کە رێگری لە دوو باجدان بکرێت.
ئەوەش خراوەتەروو، بریارەکە بە پشتبەستنە بە بڕیاری ژمارە 351 ی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ساڵی 2022 کە بریتییە لە کارکردن لەسەر کۆکردنەوەی باجی گومرگ و باجی پێشوەختە بەپێ ماددەی 16 لە یاسای بودجەی گشتی دەسەڵاتی فیدراڵی.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی نزیکەی دوو هەفتەیە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بازاڕەکاندا ناسەقامگیرە، بۆ ئەو مەبەستەش بانکی ناوەندی عێراق بریاریداوە چەند رێکارێکی پێویست بگرێتەبەر.