ڕۆیتێرز: مووشەکی ئەمریکایی ئاهەنگی هاوسەرگیریی لە ئێرانی پێکاوە
ڕۆیتێرز بە گێڕانەوە لە چوار کارناسی چەک و کەرەستەی جەنگی ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا راستەوخۆ ئاهەنگی زەماوەند و هاوسەرگریی لە سیریکی ئێرانی پێکاوە. چاک شۆمەر ڕێبەری دیموکراتەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکایش خوازیاری دەسپێبوونی لێکۆڵینەوەی فەرمی لە لایەن سێنتکۆمەوە بوو سەبارەت بە پەلاماردرانی ئاهەنگێکی شایی و گۆڤەند لە گوندی کۆهستەک"ی سەر بە بەندەری سیریکی ئێران.
سەرباری هەوڵی جێگرەکەی ترامپ بۆ حاشاکردن لە پەلاماری سوپای ئەمریکا بۆ سەر ڕێوڕەسمی شایی و زەماوەند لە سیریک، پاش ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ڕۆیتەرزیش لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ڕایگەیاند: لێکدانەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی ئەم ڕووداوە و هەروەها لێکۆڵینەوەی کارناسانی چەکەمەنی، وێککەوتنی ڕاستەوخۆی چەکی ئەمریکایی لە شوێنی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە دەسەلمێنێ. پەلامارێک کە تا ئێستا لانیکەم پێنج شەهید و نزیکەی حەفتا برینداری لێ کەوتووەتەوە.ڕۆیتەرز بە بەڵگەهێنانەوە لە وێنە و فیلمەکان کە ڕاست و درووست بوونیان پشتڕاست کراوەتەوە، ڕاپۆرتیداوە؛ تەقینەوە کاتێک ڕووی داوە کە دەیان کەس بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمێکی زەماوەند لە ماڵێکدا لە گوندی کۆهستەک کۆ بوونەتەوە. لێکدانەوەی کارناسان پیشان دەدات کە ئەو ماڵەی ڕێوڕەسمەکەی تێدا بەڕێوەچووە، ڕاستەوخۆ کەوتووەتە بەر هێرش و ئەو زەبر و زیانەی کەوتۆتەوە لەگەڵ بۆچوونی کەوتنی پریشکی مووشەک یان پارچەکانی ئامانجێکی تیاچووی دیکە نایەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتێرز؛ چوار کارناسی سەربازیی پسپۆڕی چەک و جەنگئامێر وێنە و ڤیدیۆکانی ڕووداوەکەیان لکداوەتەوە و سێ کەسیان ڕایانگەیاندووە ئەگەری زۆرە کە چەکی ئەمریکایی بەکارهێنرابێ نە مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی ئێران کە لە ڕێگای خۆی ترازاوە. کارناسێکیش وتوویەتی ڕەنگە مووشەکی ئەمریکایی ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی لە دەست داوە و لە ئاکامدا لە شوێنی بەڕێوەچوونی ئەو ئاهەنگی شاییە کەوتووە. ڕۆیتێرز هەروەها بە گێڕانەوە لە دوو کاربەدەستی ئەمریکایی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا ببێ، ڕاپۆرتیدا کە هێزی ئەمریکایی لە ناوچەی کۆهستەک تاوەرێکی بەدالەیان کردۆتە ئامانج. لێکدانەوەی وێنە سەتەلایتییەکان پیشاندەری ئەوەیە کە ئەم تاوەرە تەنیا ١٣٥مەتر لە شوێنی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی هاوسەرگرییەکەی سیریک دوور بووە؛ مەودایەک کە پرسیارگەلێکی جددی دێنێتە ئاراوە سەبارەت بە چۆنیەتی دەسنیشان کردنی ئامانج و هەروەها چۆنیەتی هێرش کردنە سەر ئامانجەکان.
چاک شۆمەر ڕێبەری دیموکراتەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکایش لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس لە کاردانەوە بە وتارەکەی نیۆیۆرک تایماز کە دانی ناوە بەوەیدا مووشەکی بەکارهێنراو لەو پەلامارە ئەمریکایی بووە ، نووسی: ئەم ڕاپۆرتانە جێی نیگەرانین و من خوازیار ئەوەم سێنتکۆم خێرا لێکۆڵینەوەکانی دەست پێ بکات."