عێراق: لە داهاتوودا ئێمە سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێی داعش دەبینین
وتەبێژی فەرماندەرێتیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وتی: تا چەند ساڵی دیکە ئێمە نەوەیەکی تازەی تیرۆریستانی داعشی دەبینین کە هیچ زانیارییەکمان لەبارەیانەوە نییە
یەحیا ڕەسووڵ" وتەبێژی فەرماندەرێتیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وتی: ڕەنگە تا پێنج یان دە ساڵی تر ئێمە دژ بە تیرۆریستانێک شەڕ بکەین کە هیچ لەبارەیانەوە نازانین و ساڵانێکی زۆر بە بیر و هزری تەکفیری مێشکیان شۆردراوەتەوە و هیچ ڕێگایەکیش بۆ دوور خستنەوەی منداڵان لەو بیر و هزر و پەروەردەیە لە ئارادا نییە.
وتەبێژی فەرماندەرێتیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راشکاوانە رایگەیاند: داعش لە باری سەربازییەوە تیاچووە و عێراق لە ئۆپەراسیۆنەکانی رزگار کردندا، توانای جەنگیی ئەم گرووپە تیرۆریستییەی تیابردووە.
"یەحیا ڕەسووڵ" سەبارەت بە سەرچاوەکانی دابین کرانی چەکی تیرۆریستانیش وتی: حەشارگە و هەمارە چەکەکانی داعش لە سارا و بیاوان و ناوچە شاخاوییەکاندایە، بەڵام بە گشتی داعش بۆ دابین کردنی پێداویستیی جەنگی و لۆجستیکیی خۆی کەوتۆتە تەنگانەوە.