نامەی منداڵانی ئێران بۆ منداڵانی جیھان
کۆمەڵێک لە منداڵانی ئێران لە نامەیەکی کراوەدا ڕوو لە ھاوتەمەنەکانیان لە سەرتاسەری دنیا، پیرۆزبایی ڕۆژی جیھانیی منداڵانیان لێکردن و ئاشتی و دۆستایەتییان لە باتی شەڕو دڵڕەقی بۆ تەواوی منداڵان و جەماوەری وڵاتانی جۆربەجۆر بە ئاوات خواست.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ھەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران «ئیسنا»، ئەم نامەیە کە بە بۆنەی ڕۆژی جیھانی و حەوتەی نیشتیمانیی منداڵانی ساڵی ١٤٠٠ ی کۆچیی ئامادە کراوە، لە لایەن بەرپرسانی مەکۆی پەروەردەی ھزریی منداڵان و تازە لاوانی ئێران و نووسینگەی حەوتەی نیشتیمانیی منداڵان لە ئێران دوای وەرگێڕان، ڕەوانەی باڵوێزخانەکانی سەقامگرتووی تاران دەکرێت ھەتا بگاتە دەستی منداڵانی وڵاتانی دیکە.
ھەروەھا لە حەوتەی نیشتیمانیی منداڵانی ئەمساڵ، لە ١٦ ھەتا ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ یادمانی شەھید «عەلی لەندی» تازەلاوی ئیزەیی لە سەرتاسەری ئێران بەرپا دەکرێت.
شەھید«عەلی لەندی» تازەلاوی ١٥ ساڵاانی ئیزەی ڕۆژی ١٨ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٠ ی کۆچیی ھەتاوی دوای ئاگرکەوتنەوە لە ماڵی دراوسێکەیان، بەو پەڕی فیداکارییەوە دوو ئافرەتی بە تەمەن مامناوەندیی گیرۆدەی ئاگرەکەی ڕزگار کردو بۆخۆی لەسەدا ٩١ی لەشی سووتاو لە بەر قوڵ بوونی برینەکانی ڕۆژی ھەینی دووھەمی ڕەزبەر شەھید بوو.