نیسان 20, 2023 23:06 Asia/Tehran
  • نوێژی جێژنی ڕەمەزان و چۆنیەتیی بەجێ ھێنانی

وا باشترە نوێژی جەژن بە جەماعەت بکرێت، بەڵام ئەگەر ھات و کەسێک وەھا دەرفەتێکی بۆ نەلوا ئەوا دەتوانێ بە تەنیاو لە ماڵەوە یلن لە شوێنی ئیش کردنەکەی ئەو ئەرکە بەجێ بێنێ.

نوێژی جەژن دوو ڕکاتە، وەک نوێژی بەیانییه، بەڵام جیاوازە بە کردنی زیکر و وتنی (الله اکبر) لە نوێژەکەدا. نیەت بە دڵ دەهێنیت و دڵ ئامادە دەکەیت کە نیازت وایە نوێژی جەژن بکەیت، دواى ئەوەی دەستت بە نوێژەکەت کرد حەوت جار دەڵێی (الله اکبر) و لە نێوان (الله اکبر)ـەکان دەڵێیت: سبحان الله والحمد لله و لا اله الا الله و الله اکبر.

پاشان سوورەتی فاتیحە دەخوێنیت. ئینجا سورەتێکی تری بەدوادا دەخوێنی. پاشان رکوع و سوجدە دەبەیت وەک نوێژی ئاسایی

پاشان هەڵدەسیتەوە بۆ ڕکاتی دووەم، ڕکاتی دووەمیش وەک ڕکاتی یەکەمە تەنها جیاوازە لە ژماری وتنی (الله اکبر)ـەکان و زیکرەکان، لە ڕکاتی دووەم پێنج جار دەڵێی (الله اکبر) و لە نێوان (الله اکبر)ـەکان دەڵێیت: سبحان الله والحمد لله و لا اله الا الله و الله اکبر.

کە وتت (الله اکبر) ئەگەر ویستت دەستت بەرز دەکەیتەوە، ھەڵبەت زانایان فەرمویانە کە پێغەمبەری خوا (ص) لەنێوان تەکبیرەکان زیکری نەخوێندووە و دەستی موبارەکیشی بەرز نەکردووەتەوە، بەڵام سەحابەی واش ھەبووە کە دەستی بەرزکردووەتە و زیکریشی خوێندووە. بەڵام زۆرێک لە زانایان لەو باوەڕەدان کە وتن و نەوتنی زیکر و دەست بەرزکردنە و نەکردنەوەی کێشە نیە و هەمووی درووستە.

اللَّهُمَّ صَلِّ عَلَى سیدنا مُحَمَّدٍ ، وَعَلَى آله وصَحْبِهِ وسلِّم