بەردەوامبوونی جەنایەتەکانی رژێمی زایۆنی لە غەززە
لە پەلامارەکانی ٢٤ کاژێری ڕابردووی رژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە ٦ کەس شەهید بوون و 43 کەسیش بریندار.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاندووە؛ ژمارەی شەهیدانی پەلامارەکانی رژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەزە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٤٤هەزار و ٤٦٩ کەس، ژمارەی بریندارانیش هەڵکشاوە بۆ ١٧٥ هەزار و ٤٩٢ کەس. هەروەها ژمارەیەک لە قوربانییان ئێستاش هەر لە ژێر داروپەردووی ماڵ و باڵەخانە ڕووخاوەکان یان لەسەر جادە و شەقامەکاندان و هێزەکانی فریاگوزاری و بەرگریی شارستانی لەبەر نەبوونی ئیمکانات و بەردەوامیی پەلامارەکانی زایۆنییەکان توانای دەستڕاگەیشتن بەو تەرمانە و گواستنەوەیان نییە. لە کەرتی ڕۆژاوایش هێزی داگیرکەری زایۆنی لە پەلاماری تازەی خۆیدا هێرشی کردە سەر شارەکانی نابلۆس، ئەریحا، ئەلبیرە، جەنین و قودسی داگیرکراو، و دەستیان دایە پشکنینی ماڵی فەلەستینییەکان. سەمین خەیتان، وتەبێژی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نیگەرانی دەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی غەززە ڕاپۆرتی داوە کە سەرەڕای ڕاگەیەندرانی ئاگربەس، فەلەستینییەکان لە کەرتی غەزە لەبەر بەردەوامبوونی پەلامارەکانی رژێمی زایۆنی ئێستایش هەر گیان و سەلامەتییان لە مەترسیدایە.