ئاب 11, 2019 08:13 Asia/Tehran
  • دەرکردنی په‌نابه‌رانی سووری له‌ ئیسته‌نبووڵ بۆ سێ مانگی دیکه‌ دوادەخرێت

دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی تورکیا بڕیاری دا له‌ ماوه‌ی مانگێک ئه‌و په‌نابه‌ره‌ سوورییانه‌ی که‌ به‌بێ مۆڵه‌ت نیشته‌جێی ئیسته‌نبووڵ بون ده‌ربکرێن و بگوازرێنه‌وه‌ که‌مپی په‌نابه‌ران، لە بڕیارێکی دیکه‌دا مۆڵه‌ته‌که‌ی بۆ سێ مانگی دیکه‌ دواخست.

به‌پێی داتاکانی ده‌سته‌ی گشتیی ئاماره‌کانی تورکیا، 536 هه‌زار په‌نابه‌ری سووری له‌ ئیسته‌نبووڵ نیشته‌جێن، به‌ڵام جه‌هه‌په‌ و پارته‌کانی دیکه‌ی ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێن "زیاتر له‌ یه‌ک ملیۆن په‌نابه‌ری سووری نیشته‌جێی ئیسته‌نبووڵن و به‌وه‌ش گوشارێکی زۆریان خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و شاره‌ و شیرازه‌ی شاره‌که‌یان تێکداوه"‌. 

سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا له‌ سه‌ره‌تای مانگی ته‌ممووزدا رایگه‌یاند، بڕیارمانداوه‌ له‌ ماوه‌ی مانگێک سه‌رجه‌م ئه‌و په‌نابه‌ره‌ سوورییانه‌ی که‌ تۆمارنه‌کراون، له‌ ئیسته‌نبووڵ ده‌ربکرێن. بگوازرێنه‌وه‌ ئه‌و شارانه‌ی که‌ تێیدا تۆمارکراون یان ره‌وانه‌ی که‌مپه‌کانی ئاواره‌ و په‌نابه‌ره‌کان بکرێن. 

دواتر وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆی ده‌رکه‌وت، به‌شێکی زۆری په‌نابه‌ره‌ سوورییه‌ تۆمارنه‌کراوه‌کان، ژیانی خۆیان له‌ ئیسته‌نبووڵ رێکخستووه‌ و ئه‌سته‌مه‌ له‌ ماوه‌ی مانگێکدا کاره‌کانیان ته‌واوبکه‌ن بۆئه‌وه‌ی له‌ ئیسته‌نبووڵ دووربخرێنه‌وه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی ناوخۆ چاوی به‌ بڕیاره‌که‌ی خشاند و مۆڵه‌ته‌که‌شی بۆ سێ مانگی دیکه‌ دواخست. 

تاوه‌کو ئێستا، زیاتر له‌ 50 هه‌زار په‌نابه‌ری سووری تۆمارنه‌کراو، له‌ ئیسته‌نبووڵ دوورخراونه‌ته‌وه‌.