ئاب 18, 2018 18:54 Asia/Tehran
  • کۆمەڵگای هەواڵگریی ئەمریکا دژ بەترەمپ

کردەی کەم وێنەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە نەمانی دەسڕاگەیشتنی ئاسایشیی سەرۆکی پێشووی سی ئای ئەی، تووڕەیی سەرانی پێشووی کۆمەڵگای هەواڵگریی ئەمریکای ورووژاندووە.

لەنوێترین کردەی دژ بەبڕیاری پڕهەرای دۆناڵد ترەمپ لەدژ "جان برێنان"، ژمارێک لەسەرۆکانی پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا(سی ئای ئەی) لەگەڵ گرووپێکی مەزنتر لە بەرپرسانی باڵای پێشووی دەم و دەزگەکانی دیکەی هەواڵگریی ئەو وڵاتە، بڕانی دەسڕاگەیستنی ئاسایشیی "برنان "ی بە هەوڵدانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ چاوترس کردنی ڕەخنەگران و لەناوبردنی ئازادیی لەو وڵاتە لێکدایەوە.

سەرۆکانی پێشووی سی ئای ئەی لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا، بڕیاری ترەمپیان بەنەگونجاو و زۆر جێی نیگەرانی ومەخابنی ڕاگەیاند و پێیان داگرت: "تائێستا قەت شایەتی ئەوە نەبووین کە دران یان هەڵوەشانی دەسڕاگەیشتن بە زانیاریی نهێنی کرابێ بەئامرازێکی سیاسی".

کێشەی سەرۆک کۆماری ئەمریکاو سەرۆکی پێشووی سی ئای ئەی کاتێک تەشەنای کرد کە برێنان رەفتاری ترەمپ لە پرێس کۆنفرانسە هاوبەشەکەی لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە هێلسینکی بە"خەیانەتبار" ناوبرد. ترەمپ لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، بەپێچەوانەی ڕای فەرمیی کۆمەڵگای هەواڵگریی ئەمریکا، دەسوەردان لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی٢٠١٦ی ئەمریکای ڕەت کردەوە. پاش ئەو لێدوانە، هەموو سەرانی پێشوو وئێستای دەزگە هەواڵگریی و ئاسایشییەکانی ئەمریکا لەوان "دان کۆئێتس" بەرپرسی ئێستای بەڕێوەبەرایەتی نیشتمانیی هەواڵگری کە سەرۆکایەتی کۆمەڵگای هەواڵگریی ئەو وڵاتەی لەئەستۆیە، ترەمپیان سەرکۆنە کرد. بەم حاڵەشەوە، سەرۆک کۆماری ئەمریکا "جان برێنان"ی سزاداو دەست ڕاگەیشتنی ئاسایشی ناوبراوی کۆتایی پێهێنا. دەگوترێ دەوری بێرنان، سەرۆکی ئەوکاتی سی ئای ئەی لە کاتی ڕکابەرییە هەڵبژاردنییەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی٢٠١٦ لە تەشک گرتنی ئەوەی وا بە "دۆسییەی ترەمپ-ڕووسیا" ناونراوە، چارەنووس ساز بووە. برێنان و تاقمێک لە بەرپرسانی دیکەی ئەو کاتی دەزگە هەواڵگری وئاسایشییەکانی ئەمریکا لەو سەردەمەدا ترەمپیان بەبێ شیاوەتی پێویست بۆ دانیشتنەسەر کورسیی سەرۆک کۆماری و سەرکردایەتی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا دەزانی. تەنانەت ترەمپ  ئیدیعا دەکا کە ئەو تاقمە، هەوڵی پراکتیکیشیان دابوو لەئاراستەی پێش گرتن بە سەرکەوتنی ناوبراو لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی کە هەڵبەت سەرەنجام لەبەر دەنگەکانی شاندە ئەلەکترالەکان، ئەو هەوڵانە بێ ئاکام مانەوە.

ئێستا بەنزیکبوونەوە لەکاتی بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنی نێوان دەورەیی کۆنگرە، ئاوری شەڕی نێوان ترەمپ لەگەڵ کۆمەڵگای هەواڵگریی ئەمریکا بڵێسەی سەندووە. ئەم جارە، "ترەمپی نەشیاو" لەسەر کورسیی سەرۆک کۆماریی، فەرمانی کەم وێنەی دەسڕاگەیشتنی ئاسایشی سەرۆکی ئەو کاتی سی ئای ئەی دەرکردووە. ئەو کردەیە تەنانەت ناڕەزایەتیی ئەو بەرپرسانەی هەواڵگری کە لە حکومەتە کۆمارییەکان خزمەتیان کردبوو، هەڵخڕاندووە هەتا بەو جێگە کە دەیڤید پترائۆس و رابرت گەیتسیش ئەو بەیاننامەیان مۆرکرد.

مایکل هیدن بەرپرسێکی دیکەی پێشووی هەواڵگریی کۆماریخواز دەڵێ: کەڵک وەرگرتن لەڕەوتی پشت ڕاست کراوەی ئاسایشی بۆ سزادانی نەیارێکی سیاسی بەشێوەیەکی هاسان نەگونجاوە تەنانەت ئەگەر قەبووڵی بکەین کە سەرۆک کۆمار خاوەن دەسەڵاتە لەوبوارەدا. ئەوە خاڵێکی نەرێنییە بۆ سەلامەتیی کۆماری ئەمریکایی و سەلامەتی دیالۆگی ئەمریکایی.

هەڵبەت ئەوەی وا وەک کارتێکەریی نەرێنی ترەمپ لەسەر سەلامەتی کۆماری ئەمریکی ڕاگەیێندراوە، تەنیا بە شەڕی سەرۆک کۆمار لەگەڵ کۆمەڵگای هەواڵگری بەرتەسک نەبووەتەوە، بەڵکوو میدیا سەرەکییەکانی ئەمریکیشی گرتووەتەوە. بڵاوبوونەوەی هاوکاتی سێ وتاری ڕەخنەگرانە لەترەمپ لە زیاتر لە٣٤٠ رۆژنامەو گۆڤار لە رۆژی پێنج شەممەو دەرکرانی بەیاننامەی جۆراوجۆر لەلایەن بەرپرسانی پێشووی هەواڵگریی و ئاسایشی دژ بەبڕیاری ترەمپ سەبارەت بە "برێنان" پێشاندەری قووڵتربوونەوەی کەلێن و بۆشاییەکان لە کەشی سیاسی ئەمریکایە.

سەرپەیڤ