May 03, 2021 15:46 Asia/Tehran
  • ھەڵمەتی نوێی تورکیا لە باکووری عێراق ، بێدەنگەی بەغدا و ھەولێر

بە تێپەڕینی 10 رۆژ لە ھەڵمەتی سەربازیی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان ، بێدەنگەی بەغدا و ھەولێر لە بەرامبەر ئەم ھەڵمەتە جێگای سەرسوڕمانە .

بە پێی راپۆرتی ئیرنا ، ئەرتەشی تورکیا دەستی داوەتە کردنەوەی ژووری ھەڵمەتی ھاوبەش لە باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا بۆ بەدواداچوونی بەردەوامیی ھەڵمەتی سەربازیی لە باکووری عێراق . سێ کەس لە فەرماندەرانی باڵای سەربازیی تورکیاش بریتی لە خلوسی ئاکار وەزیری بەرگریی ، یاشار گولەر سەرۆکی ئەرکانی ئەرتەش و ژەنەڕاڵ ئومید دوندار فەرماندەری ھێزی زەوینیی ئەرتەشی تورکیا رۆژی شەممە ئەم ژوورەی ھەڵمەتی ھاوبەشیان بەسەر کردەوە . 

ھەندێ سەرچاوەی ھەرێمی کوردستان لەوان کەناڵی رووداوی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ، ئامانج لە ھەڵمەتی سەربازیی ئەم دواییانە تورکیایان کردنەوەی بنکەی سەربازیی لە باکووری عێراق زانیوە . رووداو لە راپۆرێک دا دەڵێ ھەڵمەتی سەربازیی تورکیا بە بیانووی کردنەوەی بنکەی سەربازیی نوێ لە پارێزگەی دھۆکە . 

بە پێی ئەم راپۆرتە ئانکارا بە نیازی دوپاتکردنەوەی سێناریۆی ھاوشێوەی سوریا لە باکووری عێراقە و راوەدوونانی ئەندامانی پەکەکە تەنای بیانوویەکە و بەس . 

لە ھەمان کات دا ژمارێک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە بەرامبەر ئەم ھەڵمەتە نوێیەی تورکیا کاردانەوەیان نیشانداوە و بە توندی رەخنەیان گرتووە لە بێدەنگیی بەغدا و ھەولێر . 

محەمەد بەلەداوی لە فراکسیۆن فەتح ناڕەزایەتی دەربڕیوە بەم پێشێلکاریەی تورکیا . نابراو گوتوویەتی راگەیاندنی فەرمیی کاربەدەستانی تورکیا لە بارەی کردنەوەی بنکەی سەربازیی لە پارێزگەی دھۆک بە مانای راگەیاندنی شەڕ دژی عێراقە . 

بەدر زیادی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقیش لە حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی عێراقی ویستووە لە بەرامبەر ئەم پێشێلکاری و گرژی نانەوەی ئەم دواییانەی تورکیا کاردانەوەیان ھەبێت . 

بێدەنگەی بەغدا  وھەولێر لە بەرامبەر ھەڵمەتی ئەم دواییانەی ئەرتەشی تورکیا وایکردووە ھەندێ لا باسی رێکەوتنی نھێنی بەغدا و ھەلێر لە گەڵ ئانکارا بکەن . 

ھەندێ لا لە عێراق خوازیاری بەرەنگاربوونەوەی تورکیان لە رێگەی بایکۆت کردن و نەکڕینی کاڵای تورکیا . 

تورکیا لە ساڵی 1992 وە تا ئێستا بە بیانووی راوەدوونانی ئەندامانی پەکەکە ، بەردەوام لە ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی سەربازیی ئەنجامداوە و ئەم ھەڵمەتانە لەیەک ساڵی رابردوودا زیادیان کردووە . 

سەرچاوە عێراقیەکان دەڵێن تورکیا لە ھەر ھەڵمەتێکدا تا قوڵایی دەیان کیلۆمەتریی خاکی عێراق دێتە پیێش . کەناڵی سابرین نیوز دەڵێ تورکیا بەنیازە ئەم ھاوینە بگاتە تەلەعفەر و شنگال . 

 

.

سەرپەیڤ