ئەندامەتیی ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ھەڵپەسێردرا
کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بە ٩٣ دەنگی تەباو ٢٤ دەنگی نەیارو ٥٨ دەنگی بێ لایەن ئەندامەتیی ڕووسیای لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ھەڵپەسازد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، سێھەمین کۆبوونەوەی لوتکەیی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە بارەی شەڕی ئۆکرانیا بە پێی داخوازیی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی ڕۆژی پێنج شەممە بە کاتی خۆجێیی بۆ ھەڵپەساردنی ئەندامەتیی ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ بەرپا کرا.
لەو دەنگوەرگرتنەدا ٢٤ وڵات لەوانە ئەلجەزیره، بیلاروس، کوبا، کۆریای باکووری، ئێران، کازاخستان، چین، ڕووسیا، سوریا، ئوزبەکستان، تاجیکستان و ڤییەتنام لەم دەنگوەرگرتنەدا بە ھەڵپەسێردرانی ئەندلامەتی ڕووسیا لە ئەنجومەنەکەدا دەنگی نەرێنییان دا.
لە بڕیارنامە پەسەندکراوەکەی کۆگەی گشتی سەبارەت بە ھەڵپەسێردرانی ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەقامگرتووی ژێنێڤ دا ھاتووە: ئەم ئەنجومەنە لە بارەی ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە «پێشێلکرانی ئاشکراو سیستماتیکی مافی مرۆڤ» و «پێشێلکرانی یاساوڕێساکانی مرۆڤ دۆستانەی نێونەتەوەیی» کە لە لایەن ڕوووسیاوە لە میانەی ھێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا ئەنجامی گرتووە بە توندی نیگەرانە.
ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەقامگرتووی ژێنێڤ کە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە دامەزرا، ٤٧ ئەندامی ھەیە کە لە لایەن کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکانەوە ھەڵدەبژێردرێن کە ئا بەمجۆرە بوو بە ٤٦ ئەندام و ئەندامەتییەکەی ڕووسیا کە ھەتا ساڵی ٢٠٢٣ دەبا وەک ئەندامی ئەم پێکھاتەیە مابێتەوە، ھەڵپەسێردرا.
ئاوا ھەنگاوێک لە لایەن کۆگەی گشتی ١٩٣ ئەندامەی ڕێکخراوەی نەتەوەکانەوە پێشینەی ھەیەو ئەم کۆگەیە ساڵی ٢٠١١ش ئەندامەتیی لیبی لەم ئەنجومەنەدا ھەڵپەسارد.