شوبات 04, 2023 20:39 Asia/Tehran
  • خۆسازدانی سەرۆکی پارتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە

«کەمال کلیچدارئۆغڵو» سەرۆکی پارتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتەکەی «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» جەختی لەسەر ئامادەیی خۆی کردەوە لەمەڕ خۆپاڵاوتنی بۆ هەڵبژاردنەکانی داھاتووی سەرۆکایەتیی تورکیا.

بڕیارە ١٤ی مانگی مای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچێت، بەڵام پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان لە بەر ئەم  ڕووداوە سیاسییە ڕۆژانێکی سەخت و چەتوونی لە بەردەوام دایە.

Image Caption

بارودۆخی ئابوریی تورکیا لە دۆخێکی باشدا نییە، هەر بۆیە ڕاپرسییەکان شکستی «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا و کاندیدی پارتی دەسەڵاتدار لە بەرامبەر ڕکابەرەکانی ڕەت ناکەنەوە. بۆیە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان وای بۆ دەچن کە سەرکەوتنیان لەم هەڵبژاردنەدا نزیکە.

Image Caption

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی TRTی تورکیا، «کەمال کلیچدارئۆغڵو» سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل _گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا_  لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە: ئەگەر سەرۆکی ئەو شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنە کە هاوپەیمانییان پێکهێناوە لە بارەی کاندید بوونی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە پێکەوە ڕێک کەون، ئەوا پێشوازی لە بڕیارەکەیان دەکات.

Image Caption

سەرکردەکانی ئەم هاوپەیمانییە شەش قۆڵییە بریتی لە «کەمال کلیچدارئۆغڵو» سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل، «ماراڵ ئاکشنەر» سەرۆکی  چاک پارتی ، «تەمەڵ قەرەمەلا ئۆغلو» سەرۆکی پارتی سەعادەت، «گوڵتەکین ئۆیساڵ» سەرۆکی پارتی دیموکرات، «عەلی باباجان» سەرکردەی  پارتی بازدان و دیموکراسی (داوا) و «ئەحمەد داود ئۆغڵو» سەرۆکی پارتی ئایندە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ١١ جار کۆبوونەوەی هاوبەشیان ئەنجام داوە بۆ هەماهەنگیی زیاتر.

Image Caption

لە ١٣ی فڤریەی ٢٠٢٣ دا، سەرکردەکانی ئەم هاوپەیمانییە یەک کاندید وەک نەیاری «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»ی کاندیدی پارتی دەستەڵاتداری دادوگەشەپێدان و سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا دەناسێنن.

پێشتر ١٨ی ژوئەنی ٢٠٢٣ وەک ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕاگەیەندرابوو، کەچی دواتر ئەردۆغان ئەم وادەیەی گۆڕی بۆ ١٤ی مانگی مای.

سەرۆک کۆماری تورکیا کۆتایی هاتنی تاقیکردنەوەکانی فێرگەکان و پشووی ئایینیی وەک هۆکاری گۆڕینی وادەی هەڵبژاردن ڕاگەیاندووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەیارەکانی لەو باوەڕەدان کە پارتی دەسەڵاتداری دادوگەشە پێدان  بڕیارێکی لەو شێوەیەی بەس بۆ مەبەستی سیاسی داوە. بەڵام ئەمەی کە بڕیارە سیاسییەکانی ئەردوغان چەندە دەتوانێ لەو زۆنگاوەی تێی کەوتووە دەربازی کات و لە بەرامبەر سەرەکی ترین خەنیمی ھەڵبژاردنەکانی واتە «کەمال کلیچدار ئوغڵو» سەرکەوتنی بۆ مسۆگەر دەکات، ئەوە بابەتێکە کە لە ئێستادا پێشبینی ناکرێت و دەبێ چاوەڕوان بکرێت ھەتا سندوقەکانی دەنگدان سەرۆکی داھاتووی تورکیا دیاری بکەن.

Image Caption

              ««خۆسازدانی سەرۆکی پارتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە»»

 

سەرپەیڤ