کارناسێکی کورد:ئەمڕۆ ئەردۆغانێکی نوێ بەدی دەکەین، کە شێوازێکی تازەی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا بەدی ھێناوە
دکتۆر «ھوشەنگ شێخی» کارناسی گۆڕانکارییەکانی تورکیا لە وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆ گفتوگۆی ئێران ڕایگەیاندووە: ئەمڕۆ ئەردۆغانێکی نوێ بەدی دەکەین، کە شێوازێکی تازەی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا بەدی ھێناوە.
«ھوشەنگ شێخی» تیشکی خستە سەر ھەڵاجان و ڕاڕایی لە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی ئەردوغان لە تورکیا بە تایبەت لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوو و وتیشی: ھەورازو نشیوێکی زۆرمان لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا بەدی کردووە کە دەتوانین وەک ھەنگاوی پراکتیکی و دەرفەت قۆستنەوەی ئەردوغان لێکی بدەینەوە.
ئەم کارناسە کوردە بە ئاماژەدان بە گۆڕانکاری لە تێڕوانینی ئەردۆغان بۆ سیاسەتەکانی دەرەوەی تورکیا، وتیشی: ئەردۆغان بە بەراورد بەو سەردەمەی کە «ئەحمەد داود ئۆغڵو» یاوەری بوو، یان بە بەراورد بەو سەردەمەی کە بۆخۆی سەرۆک وەزیران و «عەبدوڵڵا گوێل»یش سەرۆک کۆماری تورکیا بوو، گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە. ئێمە ئەمڕۆ ئەردۆغانێکی نوێ بەدی دەکەین، کە شێوازێکی تازەی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا بەدی ھێناوە.
ئەم شارەزایەی کاروباری تورکیا وێڕای وەبیر ھێنانەوەی ئەمەی کە سەردەمێک سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر بنەمای گرژی لەگەڵ دراوسێکانی بوو، وتیشی: دواتر ئەم سیاسەتە گۆڕدراو تورکیا ھەستا بە تێوەگلان و ئامادە بوون لە ناوچە جۆربەجۆرەکان هەر لە لیبیاوە بگرە ھەتا قەفقاز و باکوری سوریا، هەموو ئەو ھەنگاوانەشی بە بەرژەوەندیی نیشتیمانی و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە گرێ دا، کە ھەڵبەت ئەمە بۆ ئەوانەی وا سەرەندەری سیاسەتی دەرەوەیی دەکەن وەھا خوێندنەوەیەک لۆژیکانە نەبوو. بەشێک لەم ڕوانگەیە لەبەر خەون و خەیاڵ لە سیاسەتی دەرەوەداو، بەشێکی دیکەشی بەهۆی ھەوێنی پاوانخوازنەی حکومەتی تورکیا بوو. ھەڵبەت وەھا لێک دەدرێتەوە کە گوایە ئەم کردەوانە لەبەر سیاسەتی عوسمانیچیەتیەوەیە، بەڵام لە ڕاستی دا وەھا نییە و ھەنگاوەکانی ئەردۆغان بە هۆی پراگماتیزم و هەلپەرستی لە سیاسەتی دەرەوە دایە.
«شێخی» بە ئاماژەدان بە سیاسەتە جیاواز و هەندێکجار دژبەیەکەکانی ئەردۆغان لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتی لە تورکیا وتی: ڕۆژێک فڕۆکەیەکی ڕووسی دەخاتە خوارەوە، ڕۆژی دواتر داوای لێبوردن دەکات. ڕۆژێک S-400 لە ڕووسیا دەکڕێت و ڕۆژی دواتر ڕایدەگەیەنێت کە دەیەوێت F-45 لە ئەمریکا بکڕێت.
ئەم کارناسە کوردەی کاروباری تورکیا بە ڕەتکردنەوەی ئەو بانگەشەیەی کە گوایە کارەکانی ئەردۆغان لە ئەنجامی تێنەگەییشتن لە سیاسەتە، ڕوونی کردەوە: ئەردۆغان تا ڕادەیەک توانیویەتی ئەو بەرژەوەندییانەی مسۆگەر کات کە بەدوایدا دەگەڕا. سیاسەتمەدارێکە یەک لە دوای یەک ڕکابەرەکانی لە مەیدانی ململانێی ناوخۆیی تورکیا دەرپەڕاندووەو ماوەی ٢٠ ساڵە وەک دەستەڵاتدارێکی حوکمڕان لە گۆڕەپانی سیاسەت دا خەریکی ڕمبازێنە.
«شێخی» بە ئاماژەدان بەوەی کە پرسی داخ و سەرەکی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا ئابووری و هەڵاوسان و بێکاری بووە، وتیشی: لەو ڕاپرسییانەی کە ئەنجام دراون، ئەو بابەتانە لە هەموو پرسێکی دیکە گرنگترو زەقتر بوونە. بێگومان زۆرێک لە ناوەندەکانی دەنگدان پەیوەستن بە یەکێک لە کاندیدەکانەوە و هەوڵیان داوە بۆچوونەکانیان بەرجەستە بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەندازیاریی بۆچوونەکان بکەن، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا نزیکەی 72%ی نیگەرانییەکانی گەلی تورکیا بابەتی ئابووری بووەو ھەشە و لە ئەنجامدا ئەم پەرۆشییەش وەک پێویست لە هەڵبژاردنەکاندا ڕەنگیان داوەتەوە.