لە چەپڵەڕێزانەکەی ستۆکھۆڵمی سوییدەوە بۆ پێکدادانەکەی زڕگوێزی سلێمانی
لە ئێستادا چەپڵەڕێزانەکەی شەش مانگ لەمەوپێشی سەرکردەکان لە ستۆکھۆڵم جێگای خۆی داوە بە دەدانەچیڕکەو تەقە تفەنگی کادێرە ماڵ بە کۆڵەکانیان لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی و ئەگەر ئاوا بڕواتە پێش دەبێ لە داھاتوویەکی نەک ھێندەش دووردا چاوەڕوانی سەرھەڵدانی کۆمەڵەیەکی سێھەم بین کە نە «ئیلخانی» بێت و نە «موھتەدی».
نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەر بوو کە «عەبدوڵڵا ئاغای موھتەدی» لە نێو چەپڵەڕێزانی کۆمەڵێک لە ئەندامان و لایەنگرانی ھەردووک باڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ، بەرھەمی دانیشتنەکەی ساڵی ڕابردووی پاریسی لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکاو فەرەنساو ئیسرائیل، کە یەکگرتنەوەی ھەردووک کۆمەڵە بوو، ڕاگەیاند. پاساوی ئەو یەکگرتنەوەشیان وەک ئەندامە باڵاکانیان باسیان کردووە لە بەر پشتیوانی کردنی ڕووداوەکانی ئێران بووە کە گوایە گوشارێکی زۆریشیان خراوەتە سەر کە دەبێ یەک بگرنەوەو چیدی پرژو بڵاو نەبن ھەتا بتوانن کاریگەرییەکی باشتریان لە سەر کەشی تازەی وڵاتی ئێران ھەبێت.
«عەبدوڵڵای موھتەدی» کە لە سای دۆستایەتی ھەرە نزیکی لەگەڵ بەرماوەکانی بنەماڵەی پالەوی خۆی خزاندبووە نێو کۆمەڵێک خۆبەسیاسی زانی تێروتەسەلی ئەمریکانشین، ھەر چۆنێک بوو «عومەری ئیلخانی زادە»ی ئامۆزاشی بەوە ڕەزامەند کرد کە واز لە یاخی بوون بھێنێ و دڵنیا بێت کە پارووی کاری سیاسی لە بازنەی «پالەوی چیەتی»و شان بە شانی ئەو سیاسەتوانانەی کە کۆبوونەوەکانیان لە کلوپ و یانەکانی شەوانەی ئەمریکاو ئەورووپا دەبەستن، چەورترە. بەڵام وادیارە «عەبدوڵڵا ئاغا» کە لە سەرچاوەی داھاتەکەو بە دیاری کراوی بنەماڵەی پالەوی نزیکترە، تەنیا پشتگریی لە «ئیلخانی زادە»ی ئامۆزاو چەند کەسێکی نزیک لە خۆیانی کردووەو لەوانی دیکەی ڕانەبینیوە کە پۆست و پارەکەیان بە قەدەر خۆیان بێت و وای دانا بوو کە کۆمەڵەی تۆراوی تۆبەکردوو بەس بە شوێنکەوتوویی بمێنێتەوەو پێی لە بەڕەی خۆی زیاتر ڕانەکێشێ.
لە ئێستادا چەپڵەڕێزانەکەی شەش مانگ لەمەوپێشی سەرکردەکان لە ستۆکھۆڵم جێگای خۆی داوە بە دەدانەچیڕکەو تەقە تفەنگی کادێرە ماڵ بە کۆڵەکانیان لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی و ئەگەر ئاوا بڕواتە پێش دەبێ لە داھاتوویەکی نەک ھێندەش دووردا چاوەڕوانی سەرھەڵدانی کۆمەڵەیەکی سێھەم بین کە نە «ئیلخانی» بێت و نە «موھتەدی».
داخۆم نانی یەکگرتنەوەی دوو ئامۆزا- نەک پارتەکانیان- دەبێ چەندە چەور بووبێ کە وەھا ئیلخانی زادەی ھانداوە خوێن بەرچاوی بگرێ و ھاوار بۆ کوشتنی ھاومەتەرێزە کۆنەکانی خۆی بکات و بڵێ : «با خوێن بڕژێ». ئەوەتا لە ئێستادا خوێن ڕژاوەو لایەنی کۆستکەوتووش ھەتا ئەم چرکە ساتە لە گلەو بناشت و دەرکردنی ڕاگەیاندنێکی دڵشکاوانە بەولاوەتر ھیچی پێ نەکراوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کە لە پاش ڕەت کردنەوەی یەکگرتنی ھەردووک ئامۆزاکە و بە تایبەت ڕاگەیاندنی ڕاشکاوانەی ئەم ڕەت کردنەوەیە لە لایەن «ڕەزا کەعبی» لە ئێستادا کەوتووەتە بەر ڕق و توڕەیی دەستەڵاتدارانی کۆمەڵە، لە یەکەم ھەنگاودا ھەوڵی دەست گرتن بە سەر بنکەو بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی داو ئەمەش وایکرد ھەتا حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دامرکاندنەوەی ئاڵۆزییەکان بێتە مەیدانەوەو بۆ فریاکەوتنی خەڵکانی دانیشتووی ناوچە شەڕ تێکەوتووەکە ھێزی دژەتیرۆر ڕەوانەی ئەو شوێنە بکات و گەمارۆ بخاتەسەر ئوردوگای زڕگوێزو کاری چەک کردنی ئەندامەکانی کۆمەڵە دەست پێ بکات.
شەڕەکە بەیانیی ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕووی داوەو گەرچی ھەتا ئێستا بە کوژرانی لانیکەم دوو پێشمەرگەو بریندار بوونی چەند کەسێکی دیکە بەسەندە کراوە، بەڵام دیارە ئەمە تازە دەستپێکی کارەساتەکەیەو ھەتا چەک لە نێوان لایەنەکاندا قسەی یەکەم بکات، دەبێ چاوەڕوانیی بارگرژیی زیاتریش بکرێت، مەگەر ئەوەی کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەبڕشتانە خۆی لە بابەتەکە تێ گەیەنێت و لەگەڵ ھەموو ئەو پارتە دەرەکیانەی کە لە ھەرێم سەقامیان گرتووە وەک ھەڵگرانی چەکی بێ مۆڵەت بجوڵێتەوەو نەھێڵێ ئەو ھەموو چەکە سوک و قورسەی کە بە پارەی ئەمریکاو ڕۆژئاوا کڕدراون لە دەستی کۆمەڵێک لاوی چەواشەکراودا بمێنێتەوە کە تازە بەوەیان زانیوە تەنیا سەربازانی بێ پەسیوی یارییەکی دڵڕەقانەی شەترەنجی کۆمەڵێک سەرکردەی تێروتەسەل و ڕەوشت نزمن کە چاویان لە کازینۆکانی شەوانە بەو لاوەتر ھەتەر ناکات و ھیچ شارەزاییەکیان لە بارەی ڕاستییەکانی ناوچەکەو جیھان، بە کۆمەڵگاکەی خۆشیانەوە نیە.