لە درێژەی ژینۆسایدی رژیمی زایۆنی و ئەمریکا لە غەززەو لێواری رۆژاوا، ٦١ فەلەستینی دیکەش شەهیدبوون
لە١٣٨ـەمین رۆژی ژینۆسایدی رژیمی زایۆنیستی و ئەمریکا لە کەرتی غەززە و لێواری رۆژاوا، سەرچاوە هەواڵییەکان ئەمڕۆ چوارشەممە باسی شەهیدبوونی لانیکەم٦١فەلەستینیان کرد لە خولی تازەی پەلامارەکانی سوپای رژیمی زایۆنی لە شەوی ڕابردوو-وە تائێستا بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە.
لە پەلامارە یەک بەدوای یەکەکانی سوپای رژیمی زایۆنیستی بۆسەر کۆبیناو باڵەخانە ئاوەدانەکان لە ناوچەی ناوەندیی کەرتی غەززە، ٥٢ فەلەستینی دیکە شەهیدبوون، هەشت کەس لە ئەندامانی خێزانێکی فەلەستینی لەوێنەی ئەو شەهیدانەن کە لە ئەنجامی بوردومانی سوپای رژیمی زایۆنی لە شاری رەفەح شەهید بوون.
سەرچاوە هەواڵییەکان هەروەها رایانگەیاند، تەرمی نۆ شەهید لەوان سێ منداڵی خەڵکی گەڕەکی "مواسی" لە شاری خان یونس گوێزرانەوە نەخۆشخانەی "ئەبوو یوسف نەجار" لە شاری رەفەح. درێژەی تاوانکارییەکانی رژیمی زایۆنیستی، چوونەسەری رۆژ لەدوای رۆژی ژماری شەهیدان وبرینداران، لاوازیی ستافی پزیشکی، سەرما، نەخۆشی، کەمیی بەرچاوی خۆراک و دەواو دەرمان ولەناوچوونی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ، بارودۆخێکی دژواری بۆ شارومەندانی فەلەستینی بەدیهێناوە. لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە هەواڵییەکان باسی شەڕ و پێکدادانی قورسی نێوان داگیرکەران و هێزە خۆڕاگرە فەلەستینیەکانیان کرد لە ناوچەی "زەیتون" لە باشوری رۆژهەڵاتی شاری غەززە. شیاوی ئاماژەیە، ئەو شەڕ وتێکهەڵچوونانە لە ناوچە باشوریەکانی زەیتون هەڵکەوتوو لە باشوری رۆژهەڵاتی شاری غەززە ڕوویان داوە.
ئەو سەرچاوانە جەختیان کردەوە: خەباتکارانمان بە چەکی دژە زرێ، تانکەکانی دوژمنیان پێکا و ئەوەش، بووەهۆی وەستانیان لە شەقامەکانی دەورووبەری ناوچەی ئاماژەپێدراو.
بەقسەی ئەو سەرچاوانە، سوپای زایۆنی، کەرەستەو چەکئامێری زۆری ڕەوانەی دەروازە باشوریەکانی ناوچەی زەیتون کردووەو لە سەرلەبەیانی رۆژی ڕابردوو-وە هەوڵیەتی دزە بکاتەنیو قووڵایی ناوچەکە بەڵام لەگەڵ خۆڕاگریی خەباتکارانی فەلەستینیدا بەرەوڕوو بووە. ئەوە لەکاتێکدایە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی رژیمی زایۆنیستی ناوچەی زەیتون و کەسانی سیڤیل و هەروەها زەوی و زاری کشت وکاڵییان کردۆتەئامانج و ژمارێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو ناوەیان شەهید کردووە، کە تەرمی زۆرێ لەوان هەروا لەژێر دارووپەردووەکان دایە.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند، ژماری شەهیدانی پەلاماری سوپای زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە(١٥ی رەزبەر) گەیشتووەتە ٢٩هەزار و٣١٣کەس و لەو ماوەدا، ٦٩ هەزار و ٣٣٣ شارومەندی فەلەستینیش بریندار بوون.