ئادار 19, 2025 08:10 Asia/Tehran

ژێدەرە میدیاییەکان باسی دەسپێبوونی شاڵاوی تازەی پەلامارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی یەمەنیان کرد.

کەناڵی ئەلمەسیرەی یەمەن سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە ناوچەی "جەبەل سەرف" لە پارێزگای سەنعا کەوتۆتە بەر هێرشی ئەمریکا. هەروەها ئەمریکا ناوچەیەکی نزیک شەقامی ئەستینی ڕۆژاوایی  لە قەزای ئەسەورەی سەر بە شاری سەنعا بۆردومان کردووە. هەروەها کارگەی ئاسنی "ئەلحەبەشی" لە شاری "باجەل" سەر بە پارێزگای حودەیدە زیاتر لە ١٢ جار لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بۆردومان کرا. لە کاردانەوە بە پەلامارەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن، هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە بە دوو مووشەکی کرووز و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکایی "هەری ترۆمەن"ـیان لە باکووری دەریای سوور پێکاوە.  سوپای یەمەن هەروەها ڕاشیگەیاندووە کە پەلامارە ئاسمانییە بەرفراوانەکەی ئەمریکای پووچەڵ کردووەتەوە کە لە دژی یەمەن پلانی بۆ دانرابوو، هەروەها پاپۆڕە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ باکووری دەریای سوور کشاونەتەوە.

عەبدولمەلیک بەدرەدین ئەلحوسی، سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن شەوی دووشەممە لە وتارێکیدا لە  جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر یەمەن و پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنی، هێرشەکانی یەمەن بەربڵاوتر دەبن. لەو چوارچێوەیەدا "محەمەد ئەلحوسی"، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەن، وتی: گەلی یەمەن هیچ ترسێکی لە پەلامار دەستدرێژی و تیرۆریزمی ئەمریکا نییە.

سەرپەیڤ