درێژەی پشتگریی جیهانی لە کاروانی سومود
پشتگریی لە کاروانی کەشتییەکانی سومود لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی جیهان بەتایبەت کیشوەری ئوروپا، هەروا بەردەوامە.
راگیرانی کەشتییەکانی کاروانی سومود لەلایەن زایۆنییەکانەوە لە دوێنێوە تائێستا شەپۆلێکی تووڕەیی جەماوەری لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان، بەدواوە بووە. هەزاران کەس لە یۆنان کە وڵاتی دەسپێکی وەڕێکەوتنی کاروانی کەشتییەکانی سومود بوو، لەبەردەم باڵوێزخانەی رژێمی زایۆنی تووڕەیی خۆیان بەرامبەر کردەی زایۆنییەکان پێشان دا. لە ئیتالیاش هەزاران ناڕازیی بۆ پشتگریی لە فەلەستین و چالاکانی کاروانی جیهانیی سومود کە لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە گیراون، خۆپیشاندانیان کردو مانیان گرت. هەروەها خوێندکارانی فینلەندی لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا کۆبوونەوە. خەڵکی پاکستانیش ئەمڕۆ خۆپیشاندانیان کردو بە شەرمەزارکردنی پەلاماری ترۆریستیی رژێمی زایۆنی بۆسەر کاروانی کەشتییەکانی سومود، دژی هاودەستیی ئەمریکا لە تاوانکارییەکانی رژێمی زایۆنی دروشمیان دا.
هاوکات لە وڵاتانی سوئیس، سوید، تورکیاو وڵاتانی دیکەش خۆپیشاندانی لەو چەشنە بۆ پشتگریی لە فەلەستین و چالاکانی کاروانی جیهانیی سومود بەڕێوە چوو. سوپای رژێمی زایۆنی ئەمڕۆ لە کەنارئاوەکانی غەززە، دەستی داگرت بەسەر دواکەشتیی کاروانی سومود بەناوی "ماری نێت" کە هەڵگری شەش چالاکیی جیهانیی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی جۆربەجۆر بوو. پاش ڕاگیرانی ژمارێک لە کەشتییەکانی کاروانی جیهانیی سومود، ٤٧٣ کەس لە چالاکوانانی کاروانی جیهانیی سومود گوێزرانەوە گرتووخانەی "کتسیعوت"ی ئەو رژێمە. ژمارێک لەو کەسانەی لەکاتی ڕاگیرانی کەشتییەکانی سومود لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە دەسبەسەر کراون، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەو رەوشەی تێیدان، مانگرتن لە خۆراکیان دەسپێکردووە.