قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوماڵی سوننە لە عێراق: کێشەی ناساندنی سەرۆکی پەرلەمان و دواکەوتنی پێکهاتنی حکومەتی تازەی ئەو وڵاتە
چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەو وڵاتە هەروا درێژەی هەیەو ناکۆکیی پارت و لایەنە سیاسییەکانی سوننەی عێڕاق لەبارەی ناساندنی بەربژاری بەدەستەوەگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان، قووڵ بووەتەوە.
لە چەند حەوتەی ڕابردوودا پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان بۆ ناساندنی بەربژاری پۆستی سەرۆک وەزیران و کوردەکانیش بۆ بەربژاری پۆستی سەرۆک کۆماری، دانوستان و مشتومڕیان بەردەوام کردووەو هێشتا نەیانتوانیوە لەبارەی بەربژارێک ڕێککەون. پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی و سەرۆک وەزیرانی عێراق پاش ناساندنی بەربژاری سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن گرووپە سوننەکانی ئەو وڵاتە دەس پێ دەبێ، بەڵام قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان سوننەکان بووەتەهۆی ڕێکنەکەوتن و ئەو بابەتە، پارتە غەیرەسوننەکانی نیگەران کردووە ئەوان هەوڵ دەدەن یارمەتیی سوننەکان بدەن بۆ چارەسەریی ونەهێشتنی ناکۆکی نێوانیان. "سەلام زوبەیدی" وتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر وتی: ناکۆکیی سوننە لەسەر بەربژاری سەرۆکایەتی پەرلەمان، ناکۆکییەکی قووڵە. وتیشی: پێکهاتە سیاسییەکانی عێراق دەبێ پێبەند بن بە خشتەی زەمەنیی دەستوور بۆ دەسنیشانکرانی بەربژارەکەیان بۆ سەرۆکایەتی هەرسێک دەزگەکە. زوبەیدی جەختی کرد؛ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران بەستراوەتەوە بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانی تاوسەندنی شەڕ وپێکدادانی نێوان ڕەوتە سوننەکانە، بۆیە لیژنەیەکی تایبەتی بۆ تەبایی لەگەڵ سوننەکان پێکهێناوە هەتا بابەتەکە بەزوویی یەکلایی بکرێتەوە. ناساندنی سەرۆک وەزیران لە سیستەمی سیاسیی هەنووکەی عێراق، پێش هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان نامومکینە. زۆرینەی شەش ڕەوتی سیاسیی سوننە لە ئەنجوومەنی سیاسی، گەڕانەوەی محەممەد حەلبوسی(سەرۆکی ئێستای حیزبی تەقەددوم) و هەر بەربژارێک لە پارتەکەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی تازەی عێراقیان ڕەت کردۆتەوە. لایەنە شیعیەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی درێژە دەدەن بە ڕاوێژ بۆ دەسنیشانکردنی بەربژاری سەرۆک وەزیریی و"عامر فایز"ی بەرپرسی باڵای چوارچێوە، پشت ڕاستی کردەوە کە کۆڕ و کۆبوونەوەی ڕێبەران بەزوویی، هەڵبژاردنی کەسایەتییەکەی شیاو بۆ حکومەتی داهاتووی بەدواوە دەبێ. پارت و باڵە کوردستانییەکانیش جارێ لەسەر بەربژاری سەرۆک کۆماریی ڕێک نەکەوتوون کە ئەوەش پرۆسەکە بەگشتی ئاڵۆزتر دەکا.