بێبەشبوونی ٦٠٠ هەزار منداڵی غەززە لە خوێندن
ڕێکخراوی ئانڕوا وشداری دا لەحاند هەڵوەشانەوەی سیستەمی خوێندن و پەروەردە لە غەززە و ڕایگەیاند کە ٦٠٠ هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەش کراون.
کۆمیساری گشتیی ئانڕوا ڕایگەیاندووە کە ٦٠٠ هەزار خوێندکار لە دەسپێکرانی شەڕی غەززەوە بە تەواوی لە خوێندن بێبەش بوون. فیلیپ لازارینی وتیشی: ئەم منداڵانە لەناو داروپەردووی باڵاخانە ڕووخاوەاندا زەبری قورس دەبن و گەڕاندنەوەی ئەم منداڵانە بۆ ژینگەیەکی سەلامەتی فێربوون یەکێک لە ئەولەویەتە سەرەکییەکانی دەزگای ئانڕوایە.
فیلیپ لازارینی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستاکە ئەم ناوەندە ٦٥ هەزار شوێنی کاتیی بۆ خوێندن و پەروەردەی منداڵان دروستکردووە. دەزگاکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێویاندا یونسکۆ و ئانڕوا و ئۆفیسی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاندووە کە لە دەسپێکی شەڕەوە لە ٧ی ئعۆکتۆبەری ٢٠٢٣ـەوە نزیکەی ٧٤٥ هەزار خوێندکار لە کەرتی غەززە بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەکە لە خوێندنی فەرمی بێبەش کراون. ئەم ڕێژەیە هەروەها ٨٨ هەزار خوێندکاری زانکۆ و کۆلیژەکانیش دەگرێتەوە کە خوێندنی فەرمییان بە تەواوی وەستاوە، ئەمەش پێشینەیەکی مەترسیدارە کە نەوەیەکی تەواوی منداڵان و گەنجانی فەلەستینی لە خوێندن بێبەش دەکات. بە پێی ڕاپۆرتە بەڵگەمەندەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ٩٥% بۆ ٩٧%ی قوتابخانەکانی کەرتی غەززە زیانیان بەرکەوتووە، لەوانە قوتابخانە حکومییەکان، قوتابخانەکانی سەر بەناوەندی ئانڕوا و دامەزراوە پەروەردەییە ئەهلییەکان. ژمارەیەکی زۆر لەو ناوەندە پەروەردەیانە بە تەواوی لەناوچوونە و سەدان ناوەندی دیکەش بەکارهێنانیان ئیتر گونجاو نییە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە. فیلیپ لازارینی لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی کە کەرتی ڕۆژاوای داگیرکراو لە ١٩٦٧ـەوە تووشی قەیرانی مرۆیی بووە. هەر لەم ئاراستەیەدا یونیسێف وشداریداوە لەحاند مەترسی لەدەستدانی بەتەواوەتیی نەوەیەک لە کەرتی غەززە و تیاچوونی سیستەمی پەروەردە لەم کەرتەدا.