کاردانەوەی بەهەڕەشەی وەزیری رژیمی زایۆنیستی بە هەڵبژاردنەکانی لوبنان
وەزیری پەروەردەی رژیمی زایۆنیستی لەکاردانەوەیەکی پڕهەڕەشە بەئەنجامەکانی هەڵبژاردنیی پەرلەمانیی لوبنان، وتی: دەسکەوتەکانی حیزبوڵڵا لە هەڵبژاردنەکانی لوبنان واپێشان ئەدا کە هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان حکومەتی لوبنان و ئەو گرووپە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، میدیا لوبنانییەکان ئەمڕۆ دووشەممە ڕایانگەیاند، نەفتالی بەنێت وەزیری پەروەردەی رژیمی زایۆنیستی لەپەیجەکەی لە توئیتەردا نووسی: ئیسرائیل هیچ جیاوازییەک دانانێ لەنێوان سەروەریی حکومەتی لوبنان و حیزبوڵڵا و لەهەرشەڕێکی شیمانەیی لەداهاتوودا ئەو دوولایەنە بەجیاواز دانانێ.
هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی لوبنان رۆژی ڕابردوو(یەکشەممە٦ی مای) بەڕێوە چوو.
ئەنجامە بەرایی و نافەرمییە بڵاوکراوەکان واپێشان ئەدات کە بەربژارانی موقاوەمەو هاوپەیمانەکانیان واتە حیزبوڵڵا و ئەمەل توانیویانە بیست و شەش کورسی لەکۆی٢٧کورسیی شیعەکان لەپەرلەمان بەدەست بێنن.
حێزبوڵڵاو بزووتنەوەی ئەمەل لەو هەڵبژاردانانە، پێڕستێکی هاوبەشیان خستەڕوو لەژێرناوی "الامل و الوفاء" (ئومێدو وەفاداری) .
بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش گرتەیەکی ڤیدیۆیی شادمانی خەڵک لە باشووری لوبنانیان لەبەر سەرکەوتنی بەربژارانی موقاوەمەو هاوپەیمانانیان لە کەشی سایبری بڵاو کردۆتەوە.