نیازی ئەمریکا بۆ ڕەوایی دان بە داگیرکاریی ئیسراییل لەسەر بەرزایەکانی جەولان
ڕژێمی زایۆنی بانگەشەی کرد واشینگتۆن بەمزوانە دەسەڵاتدارێتی ئیسراییل بەسەر بەرزایەکانی جەولانی داگیرکراو بەفەرمی دەناسێ.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر؛ "ئیسراییل کاتز" Yisrael Katz وەزیری هەواڵگریی ڕژێمی زایۆنی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند: ئیسراییل داوای لە ئەمریکا کردووە بەرزاییەکانی جەولانی داگیر بە ڕەسمییەت بناسێ.
"یەسراییل کاتز" وتیشی: کاربەدەستانی ئیسراییل خەریکی وەبن گوشار نانی دەوڵەتی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ قەبووڵ کردنی ئەو داخوازەن.
"گیلعاد ئارادان" وەزیری ناوخۆی ڕژێمی زایۆنیش پێشتر بە ئاماژە بەو مەترسییانەی لە سەر ئەم ڕژێمەیە، خوازیاری قۆستنەوەی هەلی سەرۆک کۆمارەتیی ترەمپ بۆ پەیوەست کرانی جەولانی داگیرکراو بە ئیسراییل بوو.
هەروەها "ران دێسانتیس" نوێنەری کۆنگرێسی ئەمریکا گەڵاڵەیەکی ئاراستە کرد کە سەبارەت بە شەرعییەت دران بە دەسەڵاتدارێتیی ئیسراییل بە سەر جەولانی داگیرکراودایە.
ناوچەی جەولان کە هی سووریایە، ڕژێمی زایۆنی ساڵی ١٩٦٧ی زایینی، هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر لە جەولانی داگیر کرد و ساڵی ١٩٨١ ئەو ناوچانەی پەیوەست کرد بە فەلەستینی داگیرکراوەوە، بەڵام کۆمەڵگەی جیهانی تا ئێستا پەیوەست بوونی بەرزاییەکانی جەولان بە ئیسراییلی بە ڕەسمییەت نەناسیاوە.