روحانی: ئێران لە پاڵ رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی دا دەمێنێتەوە
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: تا کاتێک کە رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی پێبەندی ئارمانجە سەرەکییەکانی خۆی بێ ئێران لە پاڵی دا دەمێنێتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کاناڵی خەبەر حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش دا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئانکارا وتی: ئارمانجە سەرەکییەکانی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی پتەوکردنی یەکێتی کۆمەڵی موسڵمانان و بەرگری کردن لە ئارمانەکانی فەلستینە.
روحانی لە درێژە دا ئاماژەی بە دانوستانەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد و وتی: کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا لە قۆناغی پاش گەمارۆکان دابوو و هەلومەرج بۆ پەرەی پەیوەندییەکان لەبارە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێستا بانکەکانی دوو وڵات دەتوانن یەکڕا ساتوسەودایان هەبێ و بۆرسەکانیش دەبێ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە نێوان دوو وڵات بە دی بێنن.
سەرۆکی دەزگای کارگێڕی ئێران هەروەها بە ئاماژە بە دۆخی جێگای نیگەرانی یەمەن و عێراق وتی: دەبێ یارمەتی خەڵکی ئەو وڵاتانە بدرێ تا هێمن ببنەوە چۆن بە قازانجی هەموانە و لەم بارە دا هیچ ناکۆکییەک لە ئارا دا نییە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتیشی: لەوەی کە دەبێ سنوری وڵاتان وەک خۆیان بمێننەوە ئەوە هەموو لەسەری کۆکن و کوشت وبڕ دەبێ بوەستێنرێ و بەرەنگاری تیرۆریزم بە هەر ناوێک ببینەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە ب بەشداری لە جڤینی لوتکەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی سەردانی تورکیای کردوە ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆک کۆماری تورکیاوە بە فەرمی پێشوازی لێکرا و پاش کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکە چەند بەڵگەی هاوکاریش لە نێوان دوو وڵات واژۆ کران.