لە ههولێر بارزانی و بایدن کۆبوونهوه
بارزانی و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لهمیانهی کۆبوونهوهیهکیاندا له شاری ههولێری پایتهختی ههرێمی کوردستانی ئێراق بیروڕایان لەبارەی قۆناغی دوای تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و پێویستییەکانی ئەو قۆناغە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرد.
ماڵپهری فهرمی سهرۆکایهتی ههرێمی کوردستان بڵاویکردووهتهوه که ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە (28ـ 4ـ 2016) لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و شاندێکی یاوەری کرد کە پێکهاتبوو لە برێت مەکگورگ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و کۆلین کاڵ ڕاوێژکاری جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاساییشی نەتەوەیی جەنەڕاڵ سەن مەکفارلەند فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و مەتیوس میتمان کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و ڕاوێژکاری سیاسی.
لە بەشێکی ئەم کۆبوونەوەیەدا باس لە دوا پێشهات و گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا کرا و چۆنییەتی هەماهەنگی نێوان هێزی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی لە شەڕی داعش و پلانی ئازادکردنی موسڵ و قۆناغی دوای ئازادکردنی موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا بارزانی و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بیروڕایان لەبارەی قۆناغی دوای تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و پێویستییەکانی ئەو قۆناغە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرد.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە لەبارەی پەیوەندییەکان و فراوانترکردنی هەماهەنگی لەنێوان هەردوولا بوو و باسی ئەوەیش کرا کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە لە ڕاوێژ و پەیوەندیی بەردەوامدا بن.
جێگەی ئاماژەکردنە لە پێشوازیکردنی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ژمارەیەک لە بەرپرسە سیاسی و ئەمنی و ئیدارییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون.