پێشمه‌رگه ژماره‌ی کوژراوانی داعشی لە بەشیر راگه‌یاند
له ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ی ئازادکردنی گوندی به‌شیری باشووری رۆژئاوای که‌رکوک و چه‌ند گوندێکی ده‌وروبه‌ریدا که‌له دوو رۆژی رابردوودا هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به‌هاوکاری هێزی ئاسمانی هاوپه‌یمانان ئه‌نجامدرا، 175 چه‌کداری داعش کوژراون.
وه‌ستا ره‌سوڵ، فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری پێنجی باشووری که‌رکوکی هێزی پێشمه‌رگه راگه‌یاند:"پلانی ئازادکرنه‌وه‌ی گوندی به‌شیر و گوند‌و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به رێژه‌ی له 100% داڕێژه‌ر و جێبه‌جێکاری بووه و به‌هاوکاری هێزی ئاسمانی هاوپه‌یمانان پڕۆسه‌که ئه‌نجامدراوه که تیایدا هه‌ریه‌ک له گونده‌کانی به‌شیر و ئه‌لبو مه‌فره‌ج و ئیمام ره‌زاو ئه‌لبوو ئه‌حمه‌د و مه‌زره‌عه‌و ته‌ل جۆل ئازادکران که ماوه‌ی دوو ساڵه له ژێر کۆنتڕۆڵی تیرۆریستانی داعشدایه".
فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری باشووری که‌رکوکی هێزی پێشمه‌رگه وتیشی: "به‌پێی زانیاریه‌کانمان له هه‌ردوو رۆژی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا زیاتر له 175 تیرۆریستی داعش کوژراون، 35 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو که چه‌کداره خۆکوژه‌کان هه‌وڵیانداوه به هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا بیته‌قێننه‌وه، ته‌قێنراونه‌ته‌وه که 28یان له‌لایه‌ن فڕۆکه‌کانی هاوپه‌یمانان و شه‌شیان له‌لایه‌ن که‌تیبه‌و تۆپخانه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه ته‌قێنراونه‌ته‌وه".
وه‌ستا ره‌سوڵ راشیگه‌یاند:"له‌ئێستادا دۆخی ناوچه ئازادکراوه‌کان ئارامه‌و له‌ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمه‌رگه دایه".