هەنگاریا 275 تۆن چەک و تەقەمەنی پێشکەشی پێشمەرگە دەکا
هەنگاریا بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی یارمەتییە سەربازییەکانی بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا و سەرکۆنسوڵی ئەو وڵاتەش لە هەولێر دەڵێ چەندین جۆری تر چەکی بەهێز دەدەنە پێشمەرگە.
بە گوێرەی ڕاپۆڕتی باس نیوز سەرکۆنسوڵی هەنگاریا لە هەولێر، جابا سیکینزی لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "لە چوارچێوەی هاوکارییەکاندا بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەڕی تیرۆر، تا ئێستە هەنگاریا 275 تۆن چەک و تەقەمەنی پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و بڕیار دراوە کە 110 جۆر تەقەمەنی بەهێزی تر پێشکەشی پێشمەرگە بکات".
گوتیشی "ئێستە راوێژکار و راهێنەرانی سەربازی وڵاتەکەمان بەبەردەوامی مەشق و راهێنان بەهێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و نەخۆشخانە سەربازییە تایبەتەکانیشمان، ئەرکی چارەسەرکردنی ژمارەیەک پێشمەرگەی برینداری شەڕی داعشیان لەئەستۆ گرتووە کە ژمارەیەکیان چارەسەر کراون و ئێستە چواریان گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان".
سکینزی راشیگەیاند "هەموو ئەو هاوکارییانەی وڵاتی هەنگاریا راستەوخۆ پێشکەشی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە کراون و هاوکارییەکانی تریش هەر راستەوخۆ پێشکەشی هەرێم دەکرێن".
گوتەکانی سەرکۆنسوڵی هەنگاریا لە هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەیەکی هات لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەکەی و گفتوگۆی چۆنیەتی هاوکاریی ئەو وڵاتە بۆ هەڵەبجە.