بینوتی : ئیتالیا هاوکاری سەربازی خۆی لە گەڵ کوردستانی ئێراق زۆرتر دەکات
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i228841-بینوتی_ئیتالیا_هاوکاری_سەربازی_خۆی_لە_گەڵ_کوردستانی_ئێراق_زۆرتر_دەکات
ئێواره‌ی ڕۆی دووشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و خاتوو ڕۆبێرتا بینۆتی وه‌زیری به‌رگری ئیتالیا و شاندێکی سه‌ربازی و دیپلۆماسی یاوه‌ری کۆبوونه‌وه‌ و چه‌ند باس و بابه‌تێکی هاوپه‌یوه‌ند به‌ هه‌رێمی کوردستان، عێراق و ناوچه‌که‌یان تاوتوێ کرد
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 10, 2016 10:12 Asia/Tehran
  • بینوتی : ئیتالیا  هاوکاری  سەربازی  خۆی  لە  گەڵ  کوردستانی  ئێراق  زۆرتر  دەکات

ئێواره‌ی ڕۆی دووشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و خاتوو ڕۆبێرتا بینۆتی وه‌زیری به‌رگری ئیتالیا و شاندێکی سه‌ربازی و دیپلۆماسی یاوه‌ری کۆبوونه‌وه‌ و چه‌ند باس و بابه‌تێکی هاوپه‌یوه‌ند به‌ هه‌رێمی کوردستان، عێراق و ناوچه‌که‌یان تاوتوێ کرد

لە دیدارێکدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمیش ئامادەی بوو، وه‌زیری به‌رگری ئیتالیا پیرۆزبایی لە پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتانەی کە لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعشدا بەدەستیان هێناوە و جەختیشیکردەوە کە پێویستە هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان بەتایبەتی ئیتالیا فراوانتر بکرێت و بەردەوامیی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەیشی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

وتیشی: پێویسته‌ پێشمەرگە وەک هێزێکی سەرەکی لەگەڵ سوپای عێراق و هاوپەیمانان ڕۆڵێکی کاریگەری لە پلانڕێژیی ئازادکرنەوەی شاری مووسڵدا هەبێت و دواتر باسی لە پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتالیا و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان دوای هێرش و مەترسییەکانی تیرۆرستان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و نەبەردیی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرد و دووپاتی کردەوە کە لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە فروانتر بکات.

هه‌ر له‌ دیداره‌که‌دا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و حکوومەتی ئیتالیای کرد بۆ هاوکارییە سەربازییە بەردەوامەکانی لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەرێم وتیشی: خەڵک و حکوومەتی کوردستان شانازی بەو دۆستایەتییەوە دەکەن کە لەگەڵ ئیتالیا هەیانە.

ناوبراو له‌باره‌ی ئازادکرنەوەی شاری مووسڵیش ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە پلانێکی تۆکمە و ڕوون دابڕێژرێت و بە هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان جێبەجێ بکرێت و لەوەش گرنگتر دیدی هەمەلایەنە بۆ دوای پرۆسەی ئازادکرنەوەی شاری مووسڵ ڕوون و ئاشکرا بێت و دڵنەوایی بدرێتە خەڵکی ناوچەکە کە ئایندەیەکی گەش چاوەڕێیان دەکات.

هەروەها دووپاتی کردەوە هەرچەندە بارودۆخی سیاسیی عێراق چەقبەستووە، بەڵام هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات کێشەکانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکات و ئامادەییی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هەماهەنگی و هاوکارییەکی سەربازی و سیاسی و ئەمنی لەگەڵ ئیتالیا دەربڕی.