چاوپیکه وتنەکانی وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i229879-چاوپیکه_وتنەکانی_وەزیری_ئیتلاعاتی_کۆماری_ئیسلامیی_ئێران_لە_هەرێمی_کوردستانی_عێراق
وەزیری ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر چاوی کەوت بە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق .
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 16, 2016 07:50 Asia/Tehran
  • چاوپیکه وتنەکانی وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق

وەزیری ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر چاوی کەوت بە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق .

سەید مەحموود عەلەوی لەم دیدارەدا کە رۆژی یەکشەممە لە سەلاحەدین ئەنجام بوو داوای لە مەسعود بارزانی کرد پێشبینی و بۆچوونی خۆی لەبارەی ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە بخاتەڕوو، جەختیشی کردەوە ئێران بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لەکۆبونەوەکەدا سەید مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕەهبەری بۆچوونی وڵاتەکەی لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەکە خستەڕوو، جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. دواتر داوای لە بارزانی کرد کە پێشبینی و بۆچوونی خۆی لەبارەی ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە بخاتەڕوو.

لای خۆشیەوە، بارزانی کورتەیەکی لەسەر ڕەوشی مەیدانیی بەرەکانی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستان و بارودۆخی سیاسیی عێراق بۆ شاندی میوان خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە شەڕی داعش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاریی جدیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و بۆ تێکشکاندنی تەواوی داعش تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی بەس نییە، بەڵکو پێویستە لەڕووی فکری و ئابووری و سیاسیشەوە داعش و هزری توندڕەویی تێکبشکێندرێت.

هەر لەکۆبونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکان کرا بۆ ئازادکردنی موسڵ و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم.

مەحمودی عەلەوی وەزیری ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی چوار رۆژە لە عیراقه و دوێنێ گەیشتە هەرێمی کوردستان، پێشتر لە شاری نەجەف و بەغدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عیراقی تاوتوێی پرسی ئەمنی ناوچەکەیان کردووە.

عەلەوی ئێوارەی یەکشەمە لە هەولێرەوە رووی کردە سلێمانی و لە گەڵ گەورە بەرپرسانی یەکیەتی نیشتمانیی کۆبۆوە .