یەکێتی و گۆڕان بە تیمێکی هاوبەش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکەن
May 18, 2016 14:13 Asia/Tehran
سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئێراق ئاشکرای کرد کە لەگەڵ گۆڕاندا بە تیمێکی هاوبەش ، بەشداری لە دانوستاندن و گفتوگۆکانی داهاتوویان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن .
ئەمڕۆ چوارشەممە 18\5\2016، نەرمین عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “یەکێتی و گۆڕان بڕیاریان داوە ، بە یەک تیم بەشداری لە کۆبوونەوەی لایەنەکان بکەن و ناوی تیمەکەش تیمی هاوبەش دەبێت، بەڵام تائێستا سەرۆکی تیمەکە دیاری نەکراوە”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە نێوان یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموکراتیی کوردستان، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “چاوەڕوانی کۆبوونەوەکە دەکەین، بەڵام کات و شوێنەکەی دیاری نەکراوە”.