گرینگی گەشەی پەیوەندیەکانی کوردستانی ئێران و عێراق
پارێزگاری کوردستانی ئێران لەمیانه ی چاوپێکەوتنی عەبدولکەریم سنجاری وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق جەختی کرد لەسەر گرینگی گەشەی پەیوەندیەکانی هەر دوو ناوچە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا لە زمان ماڵپەڕی ڕاگەیاندنەکانی پارێزگاریی کوردستان عەبدولمحەممەد زاهدی لەو چاوپێکەوتنە دا کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچوو وتی: لە سەردانی دا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق کۆبوونەوەی باشی لەگەڵ پارێزگار و ژووری بازرگانی هەولێر هەبووە کە لە کۆتایی دا تەبایی نامەیەک لەگەڵ هەولێر لە پێناو بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکان دا واژۆ دەکرێ.
ناوبراو وتیشی:پارێزگای کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق مێژووی کونیان هەیە و هەمیشەش لە هەلومەرجی جۆراوجۆر دا یار و هاوڕێی یەکتری بوونە و بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و ئاسایشی هاوبەشمان لە ناوچەکە دا هەیە کە تەواوی ئەو پرسانە لەگەڵ پارێزگاریی هەولێر باس کراون.
پارێزگاریی کوردستان وتیشی: دوو لایەن دەتوانن بە هاوکاری لە بواری فێرکاری و زانکۆیی و ئابوری و بازرگانی، وێڕای گەشەی پەیوەندییەکان بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی یەکتریش هەنگاو هەڵگرن.
وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش لەو چاوپێکەوتنە دا وتی: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکی ستراتژیکە و ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە ئەو پەیوەندیە لە پەرە سەندن دابێ.
عەبدولکەریم سنجاری وەزیری نوێخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق وتی: یارمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە خەڵکی هەرێمی کوردستان لەو ساڵانەی کە لە بارودۆخی ئەستەم دابووین بۆ هەمیشە لە بیرەوەری ئێمە دا دەمێنێتەوە.