بەرپرسێکی یەکێتی: دوای یەکگرتنەوەمان لەگەڵ گۆڕان سکرتێری تازە دیاری دەکەین
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی عیراق دەڵێت: “نازانم بۆچی پارتی لە ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان نیگەرانە”، ئەوەش ئاشکرا دەکات کە دوای یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان، سکرتێرێکی تازە بۆ حزبە یەکگرتووەکەیان دیاری دەکەن.
ئەمڕۆ ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 9ی شارەزووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی عیراق ڕاگەیاند: “هەقە لە پارتی دیموکراتیی کوردستان بپرسرێت، بۆچی لە ڕێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان نیگەرانن؟ چونکە هەموو خەڵکی کوردستان لەگەڵ یەکگرتنەوەی گەلی کوردستان دان”. بە گوتەی قەدەغەری: "ڕەنگە پارتی حەز بەوە بکات کە هەموو هێزەکان بە لاوازی ببینێت، خۆشی بەهێز بێت، ئەگەرنا بۆ نیگەرانە”. داواش لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، زیاتر کار بۆ ئەوە بکات کە هەموو حزبەکانی کوردستان تەبا و یەکڕیز بن .
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەوەشی ڕوون کردەوە تاوەکوو ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نەبوونەتەوە بە یەک حزب .دەشڵێت: “ئەگەر ببێنەوە بەیەک حزب ، هەڵبژاردن بۆ برا گەورەیی دەکرێت و کەسێک بە سکرتێری حزبەکە دیاری دەکرێت".