بارزانی: شێواز و کاتی داواکاری و هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری دەبێ لەبەرچاو بگیرێت
مهسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندی بەرەی چاکسازی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و باسی مێژوو و قۆناغەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتیانە کرد کە بەسەر گەلی کوردستاندا هاتووە.
بهپێی ڕاگهیهندراوێک که له ماڵپهڕی سهرۆکایهتی ههرێمی کوردستاندا بڵاوکراوهتهوه، ئهمڕۆ یەکشەممە 22-5-2016 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی بەرەی چاکسازی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و لە دیدارەکەدا شاندی میوان باسیان لەو هۆکارانە کرد کە هانی ئەوانی داوە لەبەرانبەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق هەڵوێست وەربگرن و ڕێگەی مانگرتن بگرنە بەر، دواتر ئەجێندا و ئامانج و شێوازی کارکردنیان بۆ بارزانی شی کردەوە و داوای سەرەتایەکی تازەیان بۆ عێراق و پڕۆسەی سیاسی کرد بە جۆرێک کە ئیدارەدانی هەڵە نەمێنێت و ڕێز لە ڕێککەوتنەکان و شەراکەتی نێوان پێکهاتەکانی عێراق بگیرێت.
شاندی میوان سوپاسی هاوکاری و میوانداریی گەلی کوردستانیان کرد بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی عێراقی و ڕەخنەشیان لە حکوومەتی عێراقی گرت کە خەمی ئاوارەکانی نەبووە وەک بڵێی هاووڵاتیی عێراق نەبن.
ههروهها بارزانی جەختی لە پێویستی گۆڕانکاری و چارەسەرکردنی گرفتەکان کردەوە و ئەوەیشی خستەڕوو شێواز و کاتی داواکاری و هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری دەبێ لەبەرچاو بگیرێت بە جۆرێک کە زیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش نەدات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بارزانی باسی لە مێژوو و قۆناغەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتیانە کرد کە بەسەر گەلی کوردستاندا هاتووە و ڕۆشناییشی خستەسەر بۆچوونی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕووداوەکانی بەغدا.