هەوڵێکی بەهێز بۆ لادانی ئارام شێخ محەمەد لە ئارادایە
ئەندامێکی بەرەی چاکسازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە دەنگ کۆ کراوەتەوە بۆ لادانی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەبێت بگۆڕدرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 11\7\2016، عادل نووری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرەی چاکسازی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پڕۆژەیەکی چاکسازیمان هەیە و دەیخەینە دەنگدانەوە، پێشبینی دەکەین زۆرینەی ئەندامان دەنگی لەسەر بدەن و دەبێتە کارنامە بۆ دووساڵی ئایندەی عێراق”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە، پڕۆژەکە لە 25 خاڵ پێکدێت، دوای پڕۆژەکەش ئەوان سوورن لەسەر لادانی سەلیم جبووری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. گوتیشی: “لەمبارەیەوە واژوو کۆکراوەتەوە".
ئەم هەوڵانەی لادانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە کاتێک دایە کە ئارام شێخ محەمەد، لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانە و بە لادانی، کێشە بۆ ئەو پشکەی کورد دروست دەبێت.