هه‌رێم: 30 هه‌زار خوێندکار واز له‌خوێندن ده‌هێنن
ته‌نها له‌ماوه‌ی یه‌ک ساڵدا؛ زیاتر له (30) هه‌زار خوێندکار واز له پرۆسه‌ی خوێندن ده‌هێنن و لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ی په‌رله‌مانیش هۆشداری له مه‌ترسیه‌کی گه‌وره ده‌دات.
شوکریه ئیسماعیل؛ ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا له په‌رله‌مانی کوردستان، تایبه‌ت راگه‌یاند: به‌هۆی قه‌یرانه به‌رده‌وامه‌کانی هه‌رێمه‌وه، ته‌نها له‌ماوه‌ی ساڵێکدا؛ زیاتر له (30) هه‌زار خوێندکار وازیان له‌پرۆسه‌ی خوێندن هێناوه.
به وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا له‌په‌رله‌مانی کوردستان، ئه‌و ئاماره‌یان له‌یه‌کێتی مامۆستایانی کوردستان ده‌ستکه‌وتووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئاماره‌که‌ی یه‌کێتی مامۆستایانی کوردستان مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌یه‌و جێگه‌ی نیگه‌رانییه.
هاوکات په‌رله‌مانتار شوکریه ئیسماعیل؛ ئاشکراشیکرد: هۆکاری سه‌ره‌کی وازهێنانی خوێندکاران له‌پرۆسه‌ی خوێندن بۆ بێئومێدبوونی دایک و باوکی خوێندکاره‌کان به‌حکومه‌تی هه‌رێم و شێوازی حوکمڕانی و نه‌بوونی دامه‌زراندن بۆ خاوه‌ن بڕوانامه‌کان و خراپ بوونی باری ئابوری خێزانه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونکه به‌شێک له‌خێزانه‌کان منداڵه‌کانیان ده‌خه‌نه به‌ر کارکردن له بازاڕ.