فراکسیۆنی یەکێتی:چاوەڕێی چارەسەرو رێکەوتنی بەپەلەو جدین
فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکیدا تەئکیدیکردەوە کە چاوەڕێی چارەسەرو رێکەوتنی بەپەلەو جدین، جەختیشیکردەوە لەسەر پاراستنی یەکڕیزی و رێکخستنەوەو پاراستنی شوناسی یەکێتی و جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری فراکسیۆن.
لە راگەیەنراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان دا هاتووە :
ئەمڕۆ بەرواری (3/9/2016) فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان بەئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لەسلێمانی کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەکەدا فراکسیۆن تەئکیدی کردەوە لەسەر چارەسەری کێشەکان بەجدی و پاراستنی یەکریزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر بنەمای رێکخستنەوە و پاراستنی شوناسی یەکێتی وە جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری فراکسیۆن کەبەرنامەی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.
فراکسیۆن بەدیهێنەر و جێبەجێکاری خواستی سەرجەم دەنگدەرانییەتی بەبێ جیاوازی، وە ئێمە چاوەڕێی چارەسەرو رێکەوتنی بەپەلە و جدین، بەپێچەوانەوە لەئایندەدا هەڵوێستی ڕاشکاوانەمان دەبێت لەم بارەیەوە.
لەم پێناوەشدا جەخت لەسەر پێویستی چاکسازی بنەڕەتی و پابەندبوون بەپەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی دەکەینەوە بۆ بەرێوەبردنی کاروباری یەکێتی، وە بەستنی کۆنگرەش بەپێویست دەزانین بۆ چارەسەری کێشەکانی قۆناغی ئێستا.