پێداگریی بارزانی لەسەر جێ بەجێ کرانی هەڵمەتی ڕزگارکردنی موسڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق ، وتی: هێزی پێشمەرگە ئامادەی هاوبەشی لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا لە باکووری ئەو وڵاتەیە.
بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ڕۆیتەرز، مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ڕێوشوێنی پێویست گیراوە بۆ سەندنەوەی موسڵ لە چنگ داگیرکەرانی داعش و ئەو شارە لەوانەیە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ ڕزگار بکرێ.
بارزانی پێی داگرت: کۆڕ و دانیشتنی جیاجیا لەنێوان سەرکردەکانی هێزی پێشمەرگەو سوپای ئێراقدا ئەنجامی گرتووەو ئەوان لەسەر گەڵاڵەیەکی سەربازیی هاوبەش و دەورگێڕانی هەرکام لە لایەنەکان لەو هەڵمەتەدا، ڕێککەوتوون.
بارزانی هەروەها وتی کە کاتی دەسپێبوونی هەڵمەت لە موسڵ ، جارێ دیاری نەکراوە، ئەوە لەحاڵێکدایە کە سەرکردە ئێراقییەکان وتوویانە کە ئەو هەڵمەتە لەوانەیە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبر(سەرەتای خەزەڵوەر) دەس پێ بکرێت.
موسڵ، گەورەترین شاری ئێراقە کە لەژێر کۆنترۆڵی داعش دایەو لەساڵی٢٠١٤وە لەلایەن ئەو گرووپە ڕەشەکوژەوە داگیرکراوە.
لەو کاتەوە بەدوا، هێزی پێشمەرگە لە گردووپەڕە ڕۆژهەڵاتی و باکوورییەکانی ئەو شارە، سەنگەریان گرت و هێزە ئێراقییەکانیش مانگی ڕابردوو هەتا ٦٠ کیلۆمتری باشووری شارەکە ، پێشڕەوییان کرد.