کۆبوونەوە ی نێچیرڤان بارزانی و مایکل فالۆن
نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مایکل فالۆن، وەزیری بەرگریی بەریتانیا و شاندێکی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا کەلە چەند تەوەرێک پێکهاتبوون، باس لە هاوکاریی زیاتری سەربازیی بەریتانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هەروەها پلانی شەڕی کۆنترٶل کردنەوەی شاری مووسڵ کراوە.
لە دیدارێکدا شاندی بریتانیایی خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و سوپاسی خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستانیان کرد کە توانیویانە بوێرانە بەرگریی لە هەموو پێکهاتەکانی خەڵکی کوردستان و بنەما و پرەنسیپەکانی مرۆڤایەتی بکەن و هێرش و پلانەکانی تیرۆرستان شکست پێ بهێنن.
باسیشیان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکرنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆر کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە پێشمەرگە دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەری لەو ئۆپەراسیۆنانەدا هەبێت بە هەماهەنگیی حکوومەتی عێراقی فیدرال و هاوپەیمانان.
هاوکات سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و حکوومەتی بەریتانیای کرد کە درێغی نەکردووە لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە و سوپاسی بەردەوامیی ناردنی شاندی ئاست بەرزی بەریتانی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و خوازیاری ئەوە بوو بەریتانیا ڕۆڵێکی بەرچاو لە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان ببینێت بە مەبەستی داڕشتنی پلانی قۆناغی دوای ئازادکردنەوەی شاری مووسڵ لە تیرۆرستانی داعش و پاراستنی سەر و ماڵی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەش دا کە لەم دواییەدا پەیوەندییەکی باشتر و تۆکمەتر لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە و چەندین کۆبوونەوەی ئاست بەرزی سەربازی لەنێوان هەردوولادا هەبووە بە مەبەستی داڕشتنی پلانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکرنەوەی شاری مووسڵ بە هەماهەنگیی هاوپەیمانان. جەختی لەوەش کردەوە کە هەرچەندە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هاوکاریی ئاوارەکان کراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکرنەوەی شاری مووسڵ ژمارەیەکی زۆرتری خەڵکی سڤیل ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداری ئەمە بێت و هەنگاوی زیاتر بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکان بهاوێژێت.