بەرگریی یەکگرتوو لە وەلانرانی هۆشیار زێباری
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوویی ئیسلامی کوردستانی ئێراق لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە وتی: ئەم فراکسیۆنە بە پێی ئەرک و ئەستۆگریی خۆی، دەنگی داوە بە وەلانرانی هۆشیار زێباری.
بە پێێ ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی کوردپرێس، "موسەنا ئەمین" سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیی ئێراق لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە پێی داگرت؛ ئەندامانی ئەم فراکسیۆنە بە پێی ئەرک و ئەستۆگریی سەر شانیان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ئابووری، دەنگیان داوە بە وەلانرانی هۆشیار زێباریی وەزیری کوردی دارایی ئێراق.
موسەنا ئەمین رایگەیاند؛ ئەرک و ئەستۆگریی سەر شانی نوێنەرانی پەرلەمان بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە و نوێنەرانی یەکگرتوویی ئیسلامی لە پەرلەمانی ئێراق، بە پێی ئەم ئەرک و ئەستۆگرییەی سەرشانیان دەنگیان داوە بە وەرگرتنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی ئێراق ڕایگەیاند ؛ گەندەڵیی هەموو دایرە و ناوەندە دەوڵەتییەکانی ئێراقی تەنیوە و ناکرێ بە بیانووی کورد بوونی وەزیرێک یان سوننە بوونی وەزیرێکی دیکە و یان بە پێی بەرژەوەندیی حیزبیی ، پێش بە وەلانرانی وەزیرانی گەندەڵ بگرین.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەیدا، بە زۆرینەی دەنگ ، متمانەی وەرگرتەوە لە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی ئەم وڵاتە.
دەنگ دان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی بە شێوەی نهێنی ئەنجام درا. فراکسیۆنە کوردییەکان بە گشتی ٦٥ کورسییان لە پەرلەمانی ئێراقدا هەیە.