هەڤدیتنی وەزیری بەرگریی ئاڵمانیا و مەسعود بارزانی لە هەولێر
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i254701-هەڤدیتنی_وەزیری_بەرگریی_ئاڵمانیا_و_مەسعود_بارزانی_لە_هەولێر
دوابەدوای سەردانی بەرپرسە سەربازییەکانی ئەوروپا لە عێراق و هەولێر ئۆرسلا وەن دەرلاین وەزیری بەرگریی ئاڵمان بەیانی رۆژی هەینی لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق دیدار و وتووێژی کرد.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئه‌یلوول 23, 2016 12:28 Asia/Tehran
  • هەڤدیتنی وەزیری بەرگریی ئاڵمانیا و مەسعود بارزانی لە هەولێر

دوابەدوای سەردانی بەرپرسە سەربازییەکانی ئەوروپا لە عێراق و هەولێر ئۆرسلا وەن دەرلاین وەزیری بەرگریی ئاڵمان بەیانی رۆژی هەینی لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق دیدار و وتووێژی کرد.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا پاش ئەو دیدارە وەزیری بەرگریی ئاڵمان لە کۆنگرەیەکی هاوبەشیی رۆژنامەوانی دا لەگەڵ بارزانی  وتی: لە میانەی ئەو دیدارە دا لە بابەت وەرگرتنی ئاوارەکان هاوکات لەگەڵ دەسپێکی شەڕی ئازاد کردنی موسڵ و چەکدار کردن و مەشق پێ کردن بە هێزەکانی پێشمەرگە بیر وڕامان گۆڕیەوە.

ناوبراو لە درێژە دا وتی: لەو ماوەیە دا دەوڵەتی ئاڵمان زیاتر لە 10 میلیۆن یۆرۆ یارمەتی  سەربازی و لۆجستیکی بە هێزەکانی پێشمەرگە کردوە و نزیکەی 10 هەزار هێزی پێشمەرگەشی لە هەولێر ڕاهێناوە.

وەزیری بەرگریی ئاڵمانیا هەروەها وتیشی: ئێمە بنەمایەکی هاوبەشمان هەیە بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی داعش و لەو پێناوەش دا هاوکارییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ دەدەین.

ناوبراو وتیشی: تیرۆر هێشتا بنەبڕ نەکراوە و ئازاد کردنی موسڵ ئامانجی داهاتووی پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمە و لەو پێناوەش دا هێزەکانی پێشمەرگە دەورێکی سەرەکی و بنەڕتیان دەبێت.

مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراقیش لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیە دا وتی: دەوڵەتی ئاڵمان تا ئێستا دەورێکی گرنگی هەبوە لە یارمەتی گەیاندن بە هێزەکانی پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی داعش.

بارزانی وتیشی: لە هەڤدیتنمان دا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئاڵمان  لە بابەت رێککەوتنی ئەم دواییەی هەولێر و بەغدا بۆ بەشداری لە هەڵمەتی ئازاد کردنی موسڵ و یارمەتی گەیاندن بە هێزەکانی پێشمەرگە وتووێژی گرنگمان بوو.

مەسعود بارزانی لە درێژە دا جەختی کرد: دوو لایەن لە دانوستانەکانیان دا جەختیان کرد لە هاوپەیمانی باشتر و کاریگەرتر لە شەڕی داعش دا.

ئۆرسلا وەن دەرلاین پێنجشەممەی شەو گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نچێرڤان  بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق دیدار و وتووێژی کرد.

سەردانی وەزیری بەرگریی ئاڵمان لە هەولێر چوارەمین سەردانی ناوبراوە لە هەرێمی کوردستان و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو دا.

شاندێکی پایەبەرزی سەربازیی ئەمریکیش بە سەرپەرشتی "جۆزێف وتڵ" فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بارزانی کۆ بوونه وه .