باڵوێزی ئەمەریکا داوای وەلانانی کێشە نێوخۆییەکان لە یەکێتی و گۆڕان دەکا
باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ باڵەکانی یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە و داوای وەلاوەنانی کێشە سیاسییە ناوەخۆییەکانیان لێ دەکات.
ئەمڕۆ دۆگڵاس ،سلێمان باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق بەیاوەری کین گرۆس ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمەریکی لە هەولێر سەردانی شاری سلێمانی کرد و، لەگەڵ بەرهەم ساڵح و کۆسرەت رەسوڵ جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتی و هێرۆ ئیبراهیم بەرپرسی باڵی ،ماڵی مام جەلالی یەکێتی کۆبووەوە.
هەروەها باڵوێزی ئەمەریکا لە میانی سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی، سەردانی بارەگای بزووتنەوەی گۆڕانیشی کردووە و لەگەڵ محەمەد تۆفیق رەحیم کۆبووەتەوە.
باڵوێزی ئەمەریکا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی سلێمانی باسی لە پێداویستییەکانی پەنابەرانی ناوەخۆی عێراق و شەڕی دژی داعش و هەوڵەکانی هێنانەدی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی ئابووریی کوردستان کردووە.
سلێمان داوای لە لایەنەکان کردووە دووبەرەکیە سیاسییە ناوەخۆییەکانیان وەلاوەبنێن و پێکەوە کار بکەن بۆ چارەسەری کێشە سەرەکییەکان.