یەکێتیی ئەوروپا 6 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە کەرتی تەندروستیی باژێڕی دهۆک
لەدوای کۆبوونەوەیەکی نێوان نوێنەری یەکێتی ئەوروپاو باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و پارێزگاری دهۆک راگەیەندرا کە یەکێتی ئەوروپا بڕی 6 ملیۆن دۆلار بەئامانجی هاوکاری کەرتی تەندروستی لە دهۆک دەبەخشێتە ئەو شارە.
به پێی ڕاپورتی باس نیوز؛ دوێنی چوارشەممه کلارێس پارتسوری نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا و مارکۆ کارنیلۆس باڵیۆزی ئیتاڵیا و ئەلیسەندرا دی پیپۆ کۆنسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆک کۆبوونەوە و چەند پرۆژەیەکی تەندروستی لە شاری دهۆک راگەیەندرا.
لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری دهۆک داوای کرد حکوومەتی ئیتاڵیا ئاستی هاوکارییەکانی بۆ شاری دهۆک زیاتر بکات. لەبارەی ئەو گوشارە زۆرە چاوەڕوانکراوەی لە پرۆسەی رزگار کردنەوەی موسڵیش دەکەوێتە سەر شارەکە گوتی "پێنج شوێن دەستنیشان کراون بۆ پێشوازی لە ئاوارەکانی ئەو شارە، ئێستەش دوو کامپ بۆ ئەم مەبەستە تەواو بووە".
لای خۆیەوە کلارێس پارتسوری نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند ؛ 6 ملیۆن دۆلاریان بۆ کەرتی تەندروستیی دھۆک تەرخان کردووە، بۆ ئەوەی ژمارەیەک نەخوشخانە و بنکەی تەندروستی نوێ دروست بکرێن و چەند خزمەتگوزاری دیکەی تەندروستی لە سنووری ئەو پارێزگایە دابین بکرێ.