پەلاماری داعش بۆسەر شاری کەرکووک
تیرۆریستانی داعش ئەمڕۆ خۆیان گەیاندە نێو شاری کەرکووک و دەستیان گرت بەسەر چەن بینایەکی ئەو شارەدا .
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری بەڕێکراوی کوردپرێس بۆ ناوچە ئۆپراسیۆنییەکانی هەرێمی کوردستان؛ ئەمڕۆ (هەینی) کاژێر ٣ی سەرلەبەیانی ژمارێک لە هێزەکانی داعش کە دەگوترێ هەر پێشتریش لەو شارەدا بوونە، دەستیان گرتووە بە سەر چەن بینایەکی شاری کەرکووک و خستوویانەتە بن کۆنترۆڵی خۆیانەوە.
داعش توانیویەتی بە قۆستتنەوەی ئەو هەلەی لەبەر تاریکایی نیوەشەو بۆی ڕەخسابوو هێزەکانی بنێرێتە نێو بینای کۆنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک، بینای بەڕێوەبەرایەتیی ڕاهێنانی کەرکووک و هۆتیلی نزیک بە نەخۆشخانەی جومهوریی کەرکووک و چەن بینایەکی نیوەچڵی دیکە.
هێزە ئەمنییەکان ئەو بیناگەلەیان گەمارۆ دا و شەڕێکی قورس لە نێوان ئەوان و هێزەکانی داعش ڕووی دا. هەرەها دوو کەسی خۆکوژی خۆیان گەیاندە نێو بینای بەڕێوەبەرایەتیی ڕاهێنانی کەرکووک کە یەکیک لەوانە خۆی تەقاندەوە و تیرۆریستی خۆکوژی دووەمیش پێش تەقاندنەوەی خۆی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێراقەوە کوژرا.
تا ئیستا چەن کەس لە تیرۆریستانی داعش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون. هەر لە کاژێر ٦ی سەرلەبەیانییەوە دەنگی تەقە تفەنگ هەموو شارەکەی گرتبوویەوە و ئیستاکە دەنگی تەقە تفەنگ کەمتر وەبەر گوێ دەکەوێ.
ئیستاکە هێزە ئەمنییەکان ئەم بیناگەلەیان گەمارۆ داوە و داعش بە نیشانەپێکەکانی تەقە لە هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک دەکات.
شایانی باسە سەر لە بەیانیی ئەمڕۆیش سێ تیرۆریستی خۆکۆژی داعشی هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی کارەبا لە شاری دوبز لە ڕۆژاوای کەرکووک و یەکێک لەو سێ تیرۆریستە بە تەقاندنەوەی خۆی بووە هۆی کوژرانی ١٢ کەس.
بە وتەی جاسم بن عەبدوڕەحمان سەرۆکی ئەنجومەنی شاری دوبز سێ کەس لەو کوژراوانە شوناسی ئێرانییان هەیە کە وەکوو فەرمانبەر لەو بنکەی کارەبایەدا کاریان کردووە.ناوبراو هەروەها وتیی ئەو ٩ کەسی دیکەش دانیشتوانی عەرەبی شاری دوبز بوون.تا ئێستا هیچ کام لە ناوەندە فەرمییەکانی دەوڵەتی ئێراق و هەرێمی کوردستان ژماری گیان لە دەستداوان و شوناسی ئەو کەسانەیان پشت راست نەکردۆتەوە.ئیستاکە ڕەوشەکە هێور بۆتەوە و هێزە ئەمنییەکان خۆیان گەیاندووە بە شوێنی پەلامارە خۆکوژییەکە.شایانی باسە سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێ کەس بە پشتێنی پڕتەقەمەنی خۆیان گەیاندە بنکەی کارەبای شاری دوبز و یەکێک لەوانە بە تەقاندنەوەی خۆی بووە هۆی کوژرانی ١٢ کەس و دوو تیرۆریستی خۆکوژی دیکەیش بە دەسڕێژی گوللەی هێزە ئەمنییەکان کوژران.