ئەشواق جاف: عیراق هیچ داوایەکی فەرمی لە کوردستان نەبووە
ئەشواق جاف، ئەندامی پەرلەمانی عیراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تاکوو ئێستا بەرپرسانی عیراق تەنیا بە قسە داواکارییان لە هەرێمی کوردستان هەبووە و نەیانکردووەتە فەرمی.
ئەشواق جاف، ئەندامی پەرلەمانی عیراقی لە لێدوانێکدا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پرۆژەی بوودجەی ساڵی 2017ی عیراق لە پەرلەمانی عیراق دایە و ڕاپۆرتی لەسەر دەنووسین کە کۆپیکراوی هەمان پرۆژە یاسای ساڵی 2016یە و هیچی تێدا نەگۆڕاوە."
لەبارەی پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێم بە داواکارییەکانی عیراق ئەشواق جاف گوتی: "ئەوە هەرێمی کوردستان نییە کە پابەند نەبووە، بەڵکوو حکوومەتی عیراق هیچ داواکارییەکی لە حکوومەتی هەرێم نەبووە، کاتێک حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق داواکاری لە هەرێم هەبوو داوامان کرد بە نووسراوی فەرمی پێمان بدەن تاکوو بیگەیەنن، کەچی تا ئێستا ئەو داواکارییە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ ئێمەش وەک نوێنەرانی کورد نەهاتووە."
لەبارەی پابەندی هەرێمەوە بە بەندی 10ی پرۆژەیاساکە تایبەت بە پێدانی نەوت بە عیراق، ئەشواق جاف ڕوونی کردەوە کە "هەمان ئەو بەندە یاساییە ڕێگامان بۆ دەکاتەوە ئەگەر حکوومەتی عیراقی %17ی پشکی هەرێمی نەنارد، هەرێمی کوردستان ئازادە لە مامەڵەی سەربەخۆ بە دۆسیەی نەوتەوە."