پێشنیاری نێچیرڤان بارزانی بە بەغدا لە جەنگەی شەڕی موسڵ
سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە سێهەمین کۆبوونەوەی ناوەندی توێژینەوەیی کوردستانی ئێراق (میری) لە هەولێر بانگەشەی کرد موسڵ لە بواری ڕامیاریی، جوگرافیایی و ئابوورییەوە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر کوردستانی ئێراق هەیە، کەوایە دەبێ دانوستانەکانی سەبارەت بە داهاتووی ئەم شارە دەست پێ ببێ. نێچیرڤان بارزانی پێشنیاری دا لێژنەی هاوبەشی هۆزو نەتەوەکان لە پێناو دەسپێبوونی وتووێژو دانوستانەکان پێک بێت.
بە پێی راپۆرتی ئیرنا؛ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق بە شوبهاندنی موسڵ بە سەرجەمی ئێراق و گرینگایەتیی داهاتووی موسڵ بۆ هەموو ئەم وڵاتە بانگەشەی کرد: بۆ ئەوەی بۆچوون و لێکدانەوەیەکی درووستمان هەبێ برایانی ئێمە لە بەغدا دەبێ ئەوە بزانن داعش لە کۆمەڵگەی ئێراقیدا و بە هۆی هەندێ سیاسەت و کردەوەی هەڵە پێکهات کە لە لایەن بەغدا جێبەجێ دەکرا.
ئەو قسانەی نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدایە کە هەندێ لایەن لە بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق بە تاوانبار دەزانن لە ڕووخانی موسل لە ١٠ی ژوەنی ٢٠١٤ـدا.
سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق، لە درێژەی لێدوانەکەیدا لە ناوەندی توێژینەوەی میری، جێبەجی نەکرانی یاسای بنەڕەتیی ئێراق سەبارەت بە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لە باکووری ئێراقی دایە بەر ڕەخنە و گازندەوە ودیسان بانگەشەی کرد : هەمووان دەبێ ئەوە بزانن کە ئێراق لە شیعە، سوننە و کورد پێکهاتوە و ئێمەی کورد ١١ ساڵی تەواو چاوەڕێی جێبەجێ کرانی یاسای بنەڕەتی بووین و ناتوانین ساڵێکی دیکەیش چاوەڕێ بین تا بزانین یاسای بنەڕەتیی ئێراق جێبەجێ دەکرێ یان نا.
بارزانی پێی داگرت؛ تا ئێستا هیچ بایەخێکیان نەداوە بە پرسی سیاسی و داهاتوویی سیاسیی موسڵ و چۆنیەتی بەڕێوەبرانی کاروباری ئەم شارە کە بێتوو ئەوە ڕەوتە هەروا بەردەوام بێ، قەیرانەکانیش درێژەیان دەبێ و بەدیلەکانی داعش سەر هەڵدەدەن.
سەرەڕای کێشە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتی عێراق بە تایبەت پاش داگیری هەندێ لە ناوچەکانی ئەو وڵاتە لە لایەن تیرۆریستانی داعشییەوە لە ساڵانی رابردوو دا ، بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق هەرچەند کات جارێک بابەتی وروژێنەر سەبارەت بە دابەش کران ، سەربەخۆیی خوازیی یا دەکار هێنانی بێ مۆڵەتی سەرچاوە نەوتییەکان دێننە ئاراوە کە ئەو پرسانە بووەتە هۆی پەرەسەندنی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی.