پەرستگایەکی تەمەن شەش هەزار ساڵ لەچەمچەماڵ دۆزرایەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i260851-پەرستگایەکی_تەمەن_شەش_هەزار_ساڵ_لەچەمچەماڵ_دۆزرایەوە
لەناحیەی شۆرشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ شوێنەوارێک دۆزرایەوە، کە تەمەنی بۆ هەزارەی چوارەم دەگەرێتەوە‌و بەوتەی ئەو تیمەی کنە‌و پشکنینی تێدا دەکەن پێشتر پەرستگا بووە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 28, 2016 13:03 Asia/Tehran
  • پەرستگایەکی تەمەن شەش هەزار ساڵ لەچەمچەماڵ دۆزرایەوە

لەناحیەی شۆرشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ شوێنەوارێک دۆزرایەوە، کە تەمەنی بۆ هەزارەی چوارەم دەگەرێتەوە‌و بەوتەی ئەو تیمەی کنە‌و پشکنینی تێدا دەکەن پێشتر پەرستگا بووە.

کەمال رەئوف، شوێنەوارناس‌و نوێنەری بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی بە مالپه ری خەندانی راگەیاند "ماوەی دوو ساڵە تیمێکی شوێنەوارناسی فەرەنسی بەهاوکاری بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی سەرقاڵی کنەوپشکنین لەیەکێک لەشوێنەوارەکانی سنوری چەمچەماڵ کە شوێنەواری (لۆگردان)".

شوێنەواری لۆگردان دەکەوێتە پێنج کیلۆمەتر لەرۆژهەڵاتی گەڕەکی پیریادی لە ناحیەی شۆرشی سەربەقەزای چەمچەماڵ .کەمال رەئوف وتی "بەپێی ئەو کنەوپشکنینەی لەلایەن تیمە فەرەنسیەکەوە کراوە شوێنەوارەکە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شارستانیەتی وەرکا لەهەزارەی چوارەمی پێش زاین واتە شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا"."بەوپێیەی دیوارەکانی لەبەرد دروستکراوە‌و جیاوازە لەوانی پێش خۆی کە لەخشت دروستکرابوون، بۆیە هاوشێوەی لە رۆژهەڵاتدا نیە".

ئەو شوێنەوارەی لەسنوری چەمچەماڵ دۆزراوەتەوە ئەو شوێنەوارناسە ئاماژەی بەوەشدا کە تیمە فەرەنسیەکە ماوەی دووساڵە کاری تێدا دەکەن، بڕیارە پاش پێنج ساڵی تریش بگەڕێنەوە هەرێم‌و کارکردنی تێدا دەستپێبکەنەوە.

سنوری قەزای چەمچەماڵ ژمارەیەکی زۆر شوێنەواری تێدایە لەنێویاندا، قەڵای سپی حەسار و بەردەبەلەکە، لەساڵانی رابردووشدا تیمێکی ئەڵمانی کنەوپشکنینیان لەقەڵای سپی حەساردا کردووە و دواتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانیان راگرت .دەربارەی فەوتانی ئەو شوێنەوارانەی کە هەڵدراونەتەوە بە هۆی بارانەوە، کەمال رەئوف وتی "هەربەشێکی بفەوتێت لە سەر شێوە کۆنەکەی دروست دەکرێـتەوە".

قەزای چەمچەماڵ روبەرێکی بەرفراوانی هەیە، ژماریەکی زۆر شوێنەواری دێرین دەکەوێـتە سنورەکەیەوە‌و لەگرنگترینیان، گوندی چەرموو کە بەکۆنترین گوند دادەنرێت کشتوکاڵی تێداکرابێت.