گۆڕان- به ته‌نیا -له حکوومه‌ت ده‌کشێته‌وه
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کشێته‌وه و هیچ یه‌کێک له سێ حزبه به‌شداربووه‌که‌ی حکوومه‌تیش ناکشێنه‌وه، چاودێرانیش پێیان وایه کشانه‌وه‌ی گۆڕان کار له سه‌ر ڕێککه‌وتنی یه‌کێتی و گۆڕان ده‌کا.
بڕیاره ١٠\١١\٢٠١٦ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیار له‌سه‌ر کشانه‌وه له حکوومه‌ت بدات. بێستون فایه‌ق، په‌رله‌مانتاری گۆڕان له په‌رله‌مانی کوردستان، به ده‌زگا راگه‌یاندنه‌کانی یه‌کێتی ڕاگه‌یاندووه: "له کۆبونه‌وه‌کاندا بۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر مانه‌وه یان کشانه‌وه له حکومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حکوومه‌ته خۆجێیه‌کانی پارێزگاکان، هه‌یه".ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان، ئه‌وه‌شی گوتووه: "له کۆبوونه‌وه‌کاندا بۆچوونی توندتریش هه‌یه، به‌ڵام به ته‌نها بڕیار لای فراکسیۆنێک نییه، به‌ڵکو له ڕۆژی ١٠ی ئه‌م مانگه بڕیاره‌که ده‌درێت".
هاوکات، ئه‌حمه‌دی قه‌ده‌فه‌ری جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی شاره‌زووری یه‌کێتی به (باسینوز)ی ڕاگه‌یاند: "یه‌کێتی به قسه‌ی گۆڕان له حکوومه‌ت ناکشێته‌وه و له حکوومه‌تیش ده‌مێنێته‌وه، گۆڕانیش خۆی باش ده‌زانێت ده‌مێنته‌وه یان ده‌کشێته‌وه".نیاز حاجی، چاودێری سیاسی به (باس‌نیوز)ی ڕاگه‌یاند: "به‌کشانه‌وه‌ی گۆڕان، نێوانی یه‌کێتی و گۆڕان تێک ده‌چێت، چونکه ڕێککه‌وتنی هاوبه‌شیان هه‌یه و ناتوانن به‌بێ یه‌ک بڕیار بده‌ن، ئێستاش گۆڕان بڕیاری داوه کاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی هه‌ردوولا دروست ده‌کات".