گۆڕان: هەرێم هیچ ڕێگایەکی جگە لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەبەردەمدا نییە
لە کاتێکدا کە هەولێر و بەغدا بە هەواهەنگی تۆکمە و تەواو خەریکی بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تەکفیری و تیرۆریستیی داعش لە موسڵن، ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی ئێراق بە هەواڵنێری ئیرنا لە هەولێری گوت: حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ڕێگایەکی دیکەی جگە لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەبەردەمدا نییە، ڕێککەوتنێک کە باشترین ڕێگایشە.
ئەمین بەکر بە ڕاگەیاندنی ئەم بابەتە وتی: حکومەتی ئێراق بودجەی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی داخستووە و بەشی هەرێمی کوردستانیشی بە دانانی هەندێ شەرت و مەرج کە ڕێککەوتنیان لە سەر کراوە، لەو بودجەیەدا دیاری کردووە.
ناوبراو وتیشی: بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ڕێگایەکی دیکەیان جگە لە بەجێ هێنانی شەرت و مەرجەکانی بەغدا کە شەفاف و ورد و درووست بوونی ڕێژە و ئاماری داهاتی نەوتی هەرێم دەگرێتەوە، لەبەردەمدا نییە ، بەتایبەت ئەوەی کە سیاسەتی نەوتیی هەرێم لە ڕابردوودا نەیتوانیوە قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
بە وتەی ئەم ئەندامەی کوردی پەرلەمانی ئێراق، ئەوان بەنیازی داڕشتنی پلانێکن تا بێتوو حکومەتی هەرێمی کوردستان پێبەند نەبوو بە شەرت و مەرجەکانی بەغدا، دەوڵەتی ناوەند بتوانێ لەگەڵ پارێزگەکانی هەرێم بەشێوەی جیا جیا لە پێوەندیدا بێ، تا ڕادەیەک کە کە هەر پارێزگەیەک بە شەفافییەتی زیاتر، بەشی خۆی لە بوجەی ئێراق وەردەگرێ.
دوابەدای چەندین ساڵ کێشە و ناکۆکیی نێوان هەوڵێر و بەغدا دوولایەن پاش سەفەری مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق بۆ بەغدا توانیان سەبارەت بە پرسی جۆر بەجۆر لەوان چۆنیەتی فرۆشتن و خەرجی داهاتی نەوتی، ئۆپەراسیۆنی موسڵ و بودجە بگەنە تەبایی.
سەبارەت بە بەشی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە بوجەی ئێراق، بە وتەی ئەندامی پەرلەمان، بێتوو حکومەتی هەرێم پێبەندی شەرت و مەرجەکانی بەغدا سەبارەت بە چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت و ڕوون و ئاشکرا کردنی مەسەلەی داهاتی ناوخۆیی خۆی بێ، دەتوانێ بە شێوەی بەردەوام و لە سەر کاتی خۆی بوجەکەی لە بەغدا وەرگرێ.