زۆر بونی داخوازی لابردنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
دەسەڵاتخوازیی مەسعوود بارزانی لە ناوچەی کوردستانی ئێراق و ئاوڕنەدانەوەی لە داخوازی وازهێنان لە سەر پۆستەکەی بۆتە هۆی ئەوەی کە ژمارێک لە پارت و کەسایەتییە کانی ئەم ناوچەیە دیسان خوازیاری لابرانی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ببن.
"هۆشیار عەبدوڵا" ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند؛ چارەسەر کردنی زۆرێک لە کێشەکانی هاوپێوەند بە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، پێویستی بە لابرانی ئەم پۆستە و دانی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرم بە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمە.
هەرێمی کوردستانی ئێراق بەرەوڕووی کێشە و گرفتی گرینگی زۆر لە ئاستی نەتەوەیی و خۆجێی بۆتەوە. کێشەکانی لە ئاستی نەتەوەیی لە چوارچێوی ناکۆکییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بەغدایە کە ناکۆکی لە بواری وزەم، بودجە، و مەسەلەی سنوور و ئاسایشیش دەگرێتەوە.
کێشەکان لە ئاستی خۆجێیدا بریتین لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی جەماوەری دژ بە حکومەتی هەرێم. زۆر بوونی گەندەڵی لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا، بێدەسەڵاتیی حکومەتی هەرێم لە دابین کردنی پێداویستییەکانی خەڵک و هەروەها دیکتاتۆرێتیی حزبیی بارزانییەکانە.
لەم نێوانەدا دیکتاتۆرێتیی حیزبیی بارزانییەکان بە لەونێک سەرچاوەی سەرەکیی کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان لە دوو ئاستی نەتەوەیی و خۆجێیە. مەسعوود بارزانی سەرۆکایەتی هەرێم و هەرەها سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی لە ئەستۆدایە.
مەسعوود بارزانی لە ساڵی ٢٠٠٥ بەم لاوە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و لە کاتێکدا کە ساڵی ٢٠١٣ سەرۆکایەتی دوو خولیی ئەو بە سەر هەرێم کۆتایی هات، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە زۆرینەی کورسییەکانی لە دەستی پارتی دیموکراتدایە، سەر لە نوێ ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی بۆ دوو ساڵی دیکە نوێ کردەوە.
بە کۆتایی هاتنی ماوەی دوو ساڵەی نوێ کراو چاوەڕێی ئەوە دەکرا کە مەسعود بارزانی واز لە دەسەڵات بێنێ و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم بەڕێوە بچێ بەڵام بارزانی خۆی لەو کارە بوارد و ئێستایش هەر بە شێوەی نایاسایی پاڵی داوە بە کورسیی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
ئەوە لە کاتێکدایە کە نێچیرڤان بارزانیش سەرۆک وەزیران یان هەمان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بە واتایەکی دیکە دەسەڵاتی سەرەکی لە ناوچەی کوردستانی ئێراق لە دەستی بارزانییەکاندایە و دەورێکی گرینگ لە هەموو کاروباری ئەم ناوچەیە دەگێڕن.
هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی تا ئیستا بەجاران پارتە جۆر بەجۆرەکانی ناوچەی کوردستانی ئێراق پارتی دیموکرات و بارزانییەکان تۆمەتبار کەن بە دیکتاتۆرێتیی و هەروەها ئەوان بە هۆکاری سەرەکیی کێشەکانی هەرێم لە ئاستی خۆجێی نەتەوەیی بزانن.
هەر بۆیە تا ئێستا بەجاران ژمارێک لە پارتەکانی هەرێمی کوردستان خوازیاری گۆڕدرانی سیستەمی سیاسیی لەم ناوچەیە لە سەرۆکایەتی بۆ پەرلەمانی بوون. گۆڕدرانی سیستەمی پەرلەمانی لەگەڵ ئەوەی کە دەتوانێ پۆستێکی گرینگ و سەرەکیی سەرۆکایەتی هەرێم بە تەواوەتی لابات، هەرەها دەتوانێ ببێتە هۆی بەرتەسک بوونەوەی دەسەڵاتی بارزانییەکان.
هەر لەبەر ئەوەشە کە پارتی دیموکرات و بارزانییەکان تا ئیستا پێشنیاری گۆڕدرانی سیستەمی سەرۆکایەتی بە پەرلەمانییان قەبووڵ نەکردووە.
هۆگرانی گۆڕدرانی سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ پەرلەمانی ، سیستەمی پەرلەمانی لەبەر ئەوەی دەوری پەرلەمان لە دارشتی دەسەلاتی هەرێم زیاتر دەبێ بە سیستەمێکی باشتر و کارامەتر لە سیستەمی سەرۆکایەتی دەزانن.
ئەوان بڕوایان وایە کە هەرێمی کوردستان بەشێک لە وڵاتی ئێراقە و لەبەر ئەوەی کە داڕشتی دەسەڵات لە ئێراق پەرلەمانییە، هەرێمیش دەبێ بە سیستەمێکی پەرلەمانی کارو باری حکومیی خۆی بەڕێوە ببات.
هەروەها نەیارانی سیستەمی سەرۆکایەتی پێداگرن لە سەر ئەوەی کە ئەم سیستەمە لە هەرێمی کوردستان چەمک و ناوەڕۆکی سەرەکیی خۆی لە کیس چووە و بووە بە سیستەمێکی بنەماڵەیی و عەشیرەیی کە لە پێناو دابین کردنی قازانج و بەرژەەندییەکانی ماڵباتێک دەجوڵێتەوە و بەس.