پێداگریی مەسرور بارزانی لەسەر پێویستیی کۆتایی هاتنی هێرشی سەربازیی بۆسەر سوریا
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدیدار لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆکاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، جەختی کرد لەسەر پێویستیی کۆتایی هێنان بە هێرشی سەربازیی بۆسەر سوریا.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی سێ شەممە لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک سەبارەت بە ڕەوشی کوردەکانی سوریا، دیدار و وتووێژی کرد.
ئەو چاوپێکەوتنە بەئامادەبوونی ماتیۆ تولەر باڵوێزی ئەمریکا لە ئێراق بەڕێوە چوو، و گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییەی ئێراق و سوریا تەوەری سەرەکیی وتووێژەکان بووە.
بارزانی لەو دیدارەدا نیگەرانی خۆی دەربڕی لەدۆخی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا و شوێنهاتەکانی ئەو بارودۆخەو پێی داگرت، پێویستە هەرچی زووتر پەلامارە سەربازییەکان و توندوتیژییەکانی سوریاو ناوچە کۆتایی پێ بهێنرێ، چونکە درێژەی ئەو ڕەوشە بوارخۆش دەکا بۆ بەهێزبوونەوەی گرووپە ترۆریستییەکان.
لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکانی ئەو دیدارە جەخت کرا لەسەر پێویستیی هاوکاریی کۆمەڵگای جیهانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی ئێراق لەمەڕ نیشتەجێ کردن و حەواندنەوەی ئاوارەکانی شەڕ و راگەیشتن بە دۆخی گوزەرانی ئەوان.
هەروەها پەیوەندیی نێوان هەولێر وبەغداو وتووێژی نێوانیان بۆ چارەسەریی کێشەکان، لە بابەت وتەوەرەکانی دیکەی ئەو چاوپێکەوتنە ڕاگەیێندراو بارزانی ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێم، چەند پێشنیار و بژارەی بۆ ڕێککەوتن و چارەسەریی کێشەکانی نێوانیان ئاراستەی حکومەتی ئێراق کردووەو چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێ کە بەغدا هەنگاوی پراکتیکی دەس پێ بکات لەچوارچێوەی دەستوری ئەو وڵاتەدا بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان.