داواکاریی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سویدو ئەوروپا سەبارەت بە تورکیا
شاندێکی مەکتەب سیاسی یەکێتی نیشتمانی لەگەڵ "ئەڤین ئینجیر"ی ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپاو "کادر کەسیرگە" ئەندامی پەرلەمانی سوید لەسەر فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان کۆبوونەوەو داوای پاڵپشتیان لێ کردن بۆ ناوچە کوردنشینەکانی سووریا .
بە گوێرەی راپۆرتی شارپرێس ، بەپێی راگەیەنراوێک لەکۆبوونەوەکە، "عومەر فەتاح" کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ستایشی هەڵوێستی گەلو حکومەتو پەرلەمانی سویدی کرد، جەختیشی کردەوە لە سەر ئاستی ئەوروپا هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ پشتیوانیکردنی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا و راگرتنی شەڕو پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکان.
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی راشیگەیاند، یەکێتی پەرۆشی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ سوید، بەجۆرێک جگە لە بواری سیاسی، سوید لە بواری ئابوریو بەتایبەتی پیشەسازی لەهەرێمی کوردستانیش بەشدار بێت.
هەروەها "سەعدی ئەحمەد پیرە" ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی داوای کرد، سوید کۆمەکی مرۆیی پێشکەش بە ئاوارەکانی سوریا بکاتو لەسەر ئاستی ئەوروپایش هەوڵی کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ ناوچە کوردنشینەکانی سوریا بکەن.
لای خۆیانەوە وەفدی سوید ئاشکرایان کرد حکومەتی سوید بەبڕی دە ملیۆن دۆلار کۆمەکی مرۆیی پێشکەش بە ئاوارەکانی کوردی سوریا دەکات. راشیانگەیاند " لە سەر ئاستی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ پشتیوانی کوردانی سوریا ".