نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی کریسمس لە کریستیانەکان دەکا
بەبۆنەی لەدایکبوونی حەزرەتى مەسیح و بۆنەی کریسمس، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان و جیهان دەکات و دڵنیایی دەدات کوردستان وەکو لانکەی لێبووردەیی و پێکەوەژیان بۆ هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت "جەژنى لەدایکبوونى حەزرەتى مەسیح و کریسمس، بە گەرمى لە خوشک و برایانى کریستیان لە هەرێمى کوردستان، عێراق و هەموو ئەوانە پیرۆز دەکەم کە لە هەر شوێنێکى جیهان ئەم جەژنە دەگێڕن، جەژن و پشوویەکى خۆش و ئارامیان بۆ دەخوازم و هیوادارم ئەم جەژنە لەگەڵ خۆیدا خێر و خۆشى و ئارامى و ئاشتەوایى بۆ هەمووان بهێنێت".
لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "لەم یادە پیرۆزەدا دووپاتى دەکەینەوە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە لانکەى پێکەوەژیان و لێبووردەیى و تەبایى و ئاشتەوایى بۆ هەموو پێکهاتەکانى دەمێنێتەوە و لەپێناو ئاشتى و ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکەشدا لە هەوڵى بەردەوامدا دەبێت".